نەوت بگاتە سەد دۆلاریش حكومەت موچە وەك خۆی دابەش ناكات

21/05/2016 - 10:10 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی


كوردیو ـ سلێمانی ـ یانی یادگار


هەرچەندە حكومەت بەلێنی دابوو بەو خشتە نوێیەی موچە كە كاری پێدەكات ، مانگانە لە وادەی ئاسایی خۆی موچە بدات و بە پێی داهات پێداچونەوەی بۆ بكات ، بەڵام ئیستا كە مانگی ئایار ڕوی لە كۆتاییە موچەی مانگی نیسان و مانگی ئازاری چەند وەزارەتێكیش دابەش نەكراوە ، ئەندامێكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان دەلێت نەوت بگاتە سەد دۆلاریش حكومەت موچەی تەواوەتی نادات بەهۆی ناشەفافیەوە.


سۆران عومەر ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان بە كوردیوی ڕاگەیاند"ئێمە هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ ئەوە نەبوین دەست بۆ موچەی فەرمانبەران ببرێت بەناوی چاكسازیەوە ، چونكە ئەمانە شتی ڕۆتینن و چاكسازی دەبوو لە داهاتی نەوت و خاڵە سنوریەكان و خانە نشین و بندیوارەكان بكرایە ".


وتیشی" من وەك ئەندامێكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمان بێهیوام بە بەرزبونەوەی نرخی نەوت حكومەت موچە بدات و پێداچونەوە بە خشتەی موچە بكات ، چونكە داهاتی نەوت ناشەفاف و نادیارە و نەوت بە سەد دۆلاریش بێت هەر وەك ئیستا دەبێت".


ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد "كاتێك كابینەی هەشتەمی حكومەت دەست بەكاربوو دوو موچەی فەرمانبەران قەرزدرا بوو لە كاتێك نرخی بەرمیلێك نەوت سەد دۆلار زیاتر بوو ، بۆیە من پێم وانیە تەنانەت موچە فەوتاوەكانیش بگەرێتەوە".

 

am