سەرۆك كۆمار داواكاریەكانی لە ئەنجومەنی نوێنەران و وەزیران و خۆپیشاندەران بەردەوامە

21/05/2016 - 17:51 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

كوردیو - هەولێر

سەرۆك كۆماری عێراق رایگەیاند: خۆپیشاندانەكان مافێكی دەستوریی و قانونیی زامنكراوە تا گوزارشت لە بیرو بۆچونیان بكەن، داواكاریەكیش ئاراستەی سەرۆكی فراكسیۆنەكان و پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران دەكات .

لە بەیاننامەكەیدا فوئاد مەعسوم، سەرۆك كۆماری عێراق دەڵێت: داوا لە هەمو رۆڵەكانی گەلەكەمان بەتایبەتیی خۆپیشاندەران دەكەین ،پابەندبن بە قانون ودان بەخۆدا بگرن و، هەڵنەكوتنە سەر دامەزراوە رەسمییەكان ، پابەندیش بن بە شێوازی ئاشتیی بونی خۆپیشاندانەكان ،بۆ ئەوەی رێ نەدرێت تاقمە تێرۆریستەكان هەلەكە بقۆزنەوە بیكەنە فرسەت بۆ جێبەجێكردنی تاوان و تێكدان و پەلاماری تێرۆریستیی و تەقینەوە دژی خەڵكی مەدەنیی بێ دیفاع و، فرسەت نەقۆزنەوە بەوەی هێزەكانی ئاسایش سەرقاڵن بە پارێزگاریكردنی خۆپیشاندەران .

دەقی بەیاننامەكە:
"بە ناوی پەروەردگاری بەخشندە و میهرەبانەوە
ئەی گەلی عێراقی بەڕێز ،
سڵاوی خواتان لێ بێت ،

خۆپیشاندانەكان مافێكی دەستوریی و قانونیی زامنكراوە بۆ رۆڵەكانی گەلەكەمان تا گوزارشت لە بیرو بۆچونیان بكەن سەبارەت بەوەی حكومەت و دەسەڵاتەكانی تر ئەركەكانیان چۆن رادەپەڕێنن و داوای دەستەبەركردنی خزمەتگوزاریی و پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی هاوڵاتیان بكەن .
بەڵام ئەمە واناگەیەنێت رێچكەی خۆپیشاندانەكان بگۆڕن و فرسەت وەرگرن و بیكەنە دەستدرێژیكردنە سەر هێزەكانی ئاسایش ، یان هەڵكوتانە سەر دامەزراوە حكومییەكان .بۆیە ئەوەی دوێنێ رویدا و هەڵكوترایە سەر ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران خزمەت بە خۆپیشاندەران و ئامانجەكانیان ناكات بەڵكو دەبێتە دروستكردنی پاشا گەردانیی.

لێرەدا سەرلەنوێ داوا لە هەمو رۆڵەكانی گەلەكەمان بەتایبەتیی خۆپیشاندەران دەكەین ،پابەندبن بە قانون ودان بەخۆدا بگرن و، هەڵنەكوتنە سەر دامەزراوە رەسمییەكان ، پابەندیش بن بە شێوازی ئاشتیی بونی خۆپیشاندانەكان ،بۆ ئەوەی رێ نەدرێت تاقمە تێرۆریستەكان هەلەكە بقۆزنەوە بیكەنە فرسەت بۆ جێبەجێكردنی تاوان و تێكدان و پەلاماری تێرۆریستیی و تەقینەوە دژی خەڵكی مەدەنیی بێ دیفاع و، فرسەت نەقۆزنەوە بەوەی هێزەكانی ئاسایش سەرقاڵن بە پارێزگاریكردنی خۆپیشاندەران .هەڵكوتانە سەر دامەزراوە حكومییەكان كە بۆ خزمەتكردنی هاوڵاتیان دروست بون، لە لایەن گەل و رای گشتییشەوە رەتدەكرێتەوە و خزمەت بە ئامانجی خۆپیشاندەران ناكات .

هاوكات داواش لە حكومەت دەكەین دەرگا و كەناڵەكانی دیالۆگی بەردەوام لەگەڵ خۆپیشاندەران و رێكخەرانی ئەو خۆپیشاندانانە بكراوەیی بهێلێتەوە و لەگەڵیاندا رێك بكەوێت بۆ دیاریكردنی میكانیزم و شوێنی خۆپیشاندانەكان و شێواز و رێوشوێنەكانی پارێزگاریكردنی خۆپیشاندەران ،دڵنیاییش بدات بۆ هەنگاوەكانی دانانی پلان ورێوشوێنەكانی بەئاكام گەیاندنی چاكسازییە كارگێڕیی و دارایی و خزمەتگوزارییەكان كە راستەخۆ پەیوەست و گرنگە بۆ هاوڵاتیان.

لەگەڵ هەمو ئەمانەشدا داوا لەسەركردایەتیی سیاسیی و فراكسیۆنەكانی پەرلەمان دەكەین دیالۆگ چڕ بكەنەوە و پەلە بكەن لە رێككەوتن لەسەر نەخشەیەكی رێگا بۆ ئەوەی دەسەڵاتی قانون دانان دەست بكاتەوە بە كۆبونەوەكانی و بە زوترین كات ئەركە چاودێریی و تەشریعییەكانی خۆی پەیڕەو بكات و رابپەڕێنێت .

ئەوەش بە بیر دێنینەوە ،داوامان لە ئەنجومەنی نوێنەران كردوە لە رۆژی كۆتایی هاتنی ئێستای وەرزی تەشریعییە وە ،وەرزی كاركردنی بۆ مانگێكی تر درێژ بكاتەوە ، داواشمان لە دادگای فیدراڵیی كردوە پێویستە زۆر بایەخ بدات بە پەلە و دەست وبرد كردن لە كێشەكەی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەران ، بەدواداچونی تایبەتییش دەكەین بۆ ئەم مەسەلەیە، بەردەوامیش دەبین لە دیالۆگ و وتوێژی چڕ و پڕ و راشكاو لەگەڵ هەمو هێزە سیاسییەكاندا، تەواوی هەوڵەكانمان دەخەینە كار لە پێناوی رێگە چارەی ریشەیی بۆ هەمو ئەو قەیرانانەی كە وڵات بەدەستیانەوە دەناڵێنێت .

لە كاتێكدا ئەو سەركەوتنە مەزنانە بەرز رادەگرین كە هێزە چەكدارەكانمان ئێستا لە هەمو عێراقدا بەدەستی دێنن بەسەر تاقمی داعشی تێرۆریستدا، متمانەی نەگۆڕیشمان هەیە بە رۆڵە خۆپیشاندەرەكانمان و تەواوی هاوڵاتییان كە بەپەرۆشن بۆ بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانەكەیان كەمتەرخەمیی ناكەن لە بەدەنگەوە هاتنی داواكەمان بۆ دان بەخۆداگرتنی تەواویان و پێكەوە كاركردن بۆ دەستەبەر كردنی هەلومەرجی ئاشتیی و دیموكراسیی و دەستوریی بە مەبەستی هەنگاونان بەرەو چاكسازیی و پاراستنی یەكێتیی عێراق سەروەرییەكەی و سیستمە دیموكراسییەكەی .

سەركەوتو بێت ئیرادەی عێراقییەكان بە دەوڵەتێكی دیموكراسیی و فیدراڵیی و پێشكەوتو و ئۆقرە و ئارام .

خوا عێراق و عێراقییەكان بپارێزێت .

فوئاد مەعسوم

سەرۆك كۆمار

21/5/2016

م. كانی