حكومەتی هەرێم 8.5 ملیار دۆلار قەرزارە

21/05/2016 - 23:19 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

پەرلەمانتارێكی كۆمەڵی ئیسلامی دەڵێت: حكومەتی هەرێم هەشت ملیارو نیو دۆلاری پارەی نەوت و بانكەكانی لایە، بەڵام موچەخۆران سزا دەدات، تەحەدای نێچیرڤان بارزانی‌و وەزیرتی سامانە سروشتییەكان دەكات ئەگەر بڵێن وانییە.
سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی و سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمان لەپەیجەكەی خۆی لە فەیسبوك بڵاویكردۆتەوە، حكومەتی هەرێم لەكابینەی حەوت كە چەند مانگێك پێش دەستبەكاربوونی كابینەی هەشت بوو بڕی 12 ملیار دۆلاری لەسەرجەم بانكە حكومی و بازرگانی و ئەهلییەكان دەرهێناو تائێستا كەس نازانێ ئەو پارەیە چی لێكراوە، جگە لەوە لەفرۆشی نەوت بەبۆری لە 23ی حوزەیرانی 2015 ەوە نەوت بەسەربەخۆیی دەفرۆشن، لەگەڵ رۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوتی كەركوك دەفرۆشن و پارەكەی دیار نییەو تەنانەت پارەی پترۆدۆلارەكەشی نادەن بە كەركوك، هەروەها چوار موچەی ساڵی رابردویان نەداوە، لەم ساڵیشدا سێ چارەكە موچەیان داوە، لەئێستادا 8.5 ملیار دۆلار پارەیان لایە لەپارەی دیار نەماوی نەوت و پارەی بانكەكان.
سۆران عومەر دەشڵێت، پەرلەمان پەكخراوە، پێویستە یەكێتی و گۆڕان و یەكگرتوو كۆمەڵ چیدی ئەم سزادانەی خەڵك بەڕوبعە مووچە قبوڵ نەكەن، خەڵكی كوردستان ئیدی ژیانی بۆ نەهێڵراوەتەوە، تەحەدای سەرۆكی حكومەت و وەزیری سامانە سروشتییەكان دەكەم ئەگەر بڵێن وانییە.