پەرلەمانتارێكی پێشوی گۆڕان ستایشی بارزانی دەكات و بەسەرۆك ناوی دەبات

23/05/2016 - 13:08 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی



ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەران بەهۆی ڕووداوەكانی ئەم دواییەی بەغدا و بەشداری كردنی لە دانیشتنی پەرلەمانتارە مانگرتووەكان، لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە دەركرا، ستایشی مەسعود بارزانی دەكات و بەسەرۆك ناوی دەبات.


ماپەڕی فەرمی پارتی دیموكرات لێدوانێكی تاڤگە محمد پەرلەمانتاری پێشووی بزوتنەوەی گۆڕانی بڵاوكردۆتەوە و تیایدا ڕایگەیاندووە" كۆبوونەوەی شاندی بەرەی چاكسازی (پەرلەمانتارە مانگرتووەكان) لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و نوێنەرانی كورددا ئەرێنی بووە و، كورد ڕازین بگەڕێنەوە بۆ پەرلەمانی عێراق بەو مەرجەی ڕێككەوتن و شەراكەت بەرچاو بگیرێت، ئێمەیش وەك بەرەی چاكسازیی پەرلەمان، ئەوەمان پێ پەسەندە و دەبێت پشكی كورد بپارێزرێت."


هەروەك دەڵێت" ئەو شاندەی ئەمڕۆ لە هەولێر لەگەڵ سەرۆكی هەرێم كوردستان و پەرلەمانتارە كوردەكاندا دانیشت، زۆر ڕازییە بە هەڵوێستی كورد و (سەرۆك بارزانی)، هەموو ئەو پێشنیاز و بۆچوونانەی خراونەتە ڕوو جێگەی رەزامەندیین."

پێشتریش محمد حاجی ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان و بەرپرسی ژووری پەیوەندیە سیاسیەكانی بزوتنەوەی گۆڕان پاش دەست لەكاركێشانەوەی سەردانی مەسعود بارزانی كرد و پەیوەندی كردنی بەو حیزبەوە ڕاگەیاند.

 

 

am