قوباد تاڵەبانی:بەستنی كۆنگرە نیشانەیە بۆ زیندوویی یەكگرتووی ئیسلامی

30/05/2016 - 13:50 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ستایشی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دەكات و پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەركەوتنی حەوتەمین كۆنگرە دەكات.
قوباد تاڵبەانی لە پەیامێكدا بە بۆنەی بەڕێوەچوونی حەوتەمین كۆنگرەی یەكگرتووی ئیسلامیەوە ئاڕساتەی كردووە تیایدا دەڵێت" بەستنی كۆنگرە وهەڵبژاردنی ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، لەكاتێكدایە كە هەرێمی كوردستان روبەرووی چەندین گرفت سیاسی وقەیرانی زەق بۆتەوە، كە ئەمەش ئاماژەیەكە بۆ زیندویی حزبەكەتان، وتەنها كۆنگرەش دەتوانێت حزبێك نوێبكاتەوەو متمانەی خۆی لە نێوان بەرپرس و ئەندام و لایەنگرانی خۆی بەهێز بكاتەوە، بەهیوای ئەوەین ئێوەش وحزبەكانی تریش هەوڵی زیاتر بدەن لە پێناو ساغ وتەندروست كردنی ڕەوشی سیاسی وتواندنەوەی بەستەڵەكی نێوان لایەنەكان".


دەقی پەیامەكە:

برای بەڕێز مامۆستا صلاح الدین بها‌والدین ئەمەینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان

بەڕێزان سەركردایەتی وئەندامان ولایەنگرانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان

سڵاوێكی گەرم..

بەبۆنەی بەستنی حەوتەمین كۆنگرەی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان‌، وهەڵبژاردنەوەی بەڕێز مامۆستا صلاح الدین محەمەد بها‌‌‌‌والدین وەك ئەمەینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، گەرمترین پیڕۆزباییتان ئاراستە دەكەین.

بەستنی كۆنگرە وهەڵبژاردنی ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، لەكاتێكدایە كە هەرێمی كوردستان روبەرووی چەندین گرفت سیاسی وقەیرانی زەق بۆتەوە، كە ئەمەش ئاماژەیەكە بۆ زیندویی حزبەكەتان، وتەنها كۆنگرەش دەتوانێت حزبێك نوێبكاتەوەو متمانەی خۆی لە نێوان بەرپرس و ئەندام و لایەنگرانی خۆی بەهێز بكاتەوە، بەهیوای ئەوەین ئێوەش وحزبەكانی تریش هەوڵی زیاتر بدەن لە پێناو ساغ وتەندروست كردنی ڕەوشی سیاسی وتواندنەوەی بەستەڵەكی نێوان لایەنەكان، هەروەها بەستنی كۆنگرەی حەوتەمی حزبەكەتان لەكاتێكدایە كە پرۆسەی بەرەوپێشبردنی دۆزی كورد لەبارودۆخێكی هەستیارو چارەنوسسازدایە بۆ گەیشتن بە خەونی گەلەكەمان وبەدیهێنانی مافی چارەی خۆنووسین.. ئەمەش ئەوەمان پێ دەڵێت كە لە هەموو كات زیاتر، ئێستا، پێویستمان بەیەكخستنەوە ورێكخستنی نێو ماڵی خۆمانە.

یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە هاوكێشە سیاسییەكان وحكومەتی هەرێمی كوردستان ڕۆڵێكی كاریگەری هەبووە لە ڕاگرتنی هاوسەنگی ئەم ڕەوشە گوزەراوە، ئەمەش جێگەی ستایش وبەرز نرخاندنە، ئەمڕۆش دوای بەستنی كۆنگرەی حەوتەم، ودەستاودەستكردنی دەسەڵات، ئەركی سەرشانتان لەبەر رۆشنایی گۆڕانكارییەكان قورستر دەبێت، بۆیە چاوەڕیی ئەوەتان لێ دەكرێت كە ڕۆڵێ پێشووتان و زیاتریش ببینن وبەردەوەام بن بۆ قوڵكردنەوەی گیانی تەبایی وپێكەوژیان وقبوڵكردنی ئایدیا جیاوازەكان لە پێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندیە باڵاكانی گەلەكەمان .

سەری ڕێز و نەوازش دادەنەوێنین لەئاست شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری كوردستان.

دووبارە پێرۆزباییتان لێ دەكەم..

سەربەرز وسەرفراز وسەركەوتوو بن..

قوباد تاڵەبانی

 

am

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران

29-ی ئایار/ 2016