سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لەبەغداد: كورد كارتی فشاری نەما

31/05/2016 - 09:24 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

كوردیو ـ سلێمانی ـ یانی یادگار
دوای گەڕانەوەی فراكسیۆنەكانی یەكێتی و پارتی و گۆران بۆ بەغدادو بەشداریان لە دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراق، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو دەلێت هەنگاوێكی بەپەلەبوەو ئەوان ئاگاداری نەبون و دەشلێت كورد لەبەغداد شكستی هێناو كارتی فشاری بەدەست نەما .

 


د.موسەنا ئەمین سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەبەغداد لە لێدوانێكی تایبەتدا بە كوردیوی ڕاگەیاند:" عەبادی هیچ بەڵینێكی بە كورد نەداوە لە كۆبونەوەی لەگەڵ فراكسیۆنەكانی پارتی یەكێتی و گۆڕان ، ئێمە تێ ناگەین ئەوان بۆ هیندە پەلەی گەڕانەوەیان بوو بۆ بەغداد بێ دەستكەوتێك".

 


موسەنا ئەمین وتیشی:" ئێمە پێشتر چەند مەرجێكمان ڕاگەیاندبوو بۆ گەڕانەوە بەتایبەت لە بواری بودجەو پێشمەرگە پشكی كورد لە حكومەتی تەكنۆكرا ، بەڵام ئێستا هیچ جێ بەجێ نەكراوە گەڕانەوە لە پێناو چی و بۆ چی".

 


سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لەبەغداد ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" بێگومان ئێمە نیگەرانین لەوەی كە پارتی و یەكێتی و گۆڕان بێ ئێمە گەڕانەوەو چاوەڕێی ئێمەیان نەكردو ئێمە داوای كۆبونەوەیەكی فراوانمان كردبوو لەگەڵ عەبادی بەڵام ئەوان بەقسەیان نەكردین، بۆیە ئێستا كورد لەبەغداد شكستی هێناو كارتی فشاری بەدەست نەما ".

 


سەبارەت بە گەڕانەوەی فراكسیۆنەكەی ئەوان بۆ بەغداد موسەنا ئەمین وتی:" ئێستا كورد نیسابی یاسایی دانیشتنەكانی پەرلەمانی تەواو كرد ، بۆیە گەر دانیشتنەكان بە ئاسایی بڕۆن ئێمەش دەچینەوە بەغداد".

 

 


سەلام بێستانسوری