كونسوڵی ئەمریكا: یەكگرتووی ئیسلامی رۆڵی گەورەی هەیە لەكەمكرنەوەی گرژی و ئاڵۆزیەكان

08/06/2016 - 18:42 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی


كوردیو - هەولێر

ئێوارەی رۆژی سێ شەممە 7/6/2016 مامۆستا سەلاحەدین محەمەد، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان پێشوازی كرد لە ماتیاس میتمان كونسوڵی گشتی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و وەفدێكی یاوەری .

لە دیدارێكیدا كە نزیكەی كاتژمێرێكی خەیاند كونسوڵی گشتی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی مامۆستا سەلاحەدین وەك ئەمینداری گشتی كرد و رۆڵی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانی بەرزنرخاندن لە نزیك بوونەوەی لایەنە سیاسیەكان و كەمكرنەوەی گرژی و ئاڵۆزیەكانی نێوخۆی هەرێم و رۆڵی ئیجابی یەكگرتوو لە بەغدا و بنیات نانەوەی دەوڵەتی عێراق لە دوای نەمانی رژێمی بەعس لەساڵی 2003دا .

لەتەوەرەیەكی تری كۆبوونەوەكەدا تیشك خرایە سەر بارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان و ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی پێیدا تێپەر دەبێت لەرووبەرووبوونەوەی شەری تیرۆرستانی داعش و لەباوەش گرتنی ئاوارەكانی شەرەكانی ناوخۆی عێراق و قەیرانی دارایی و گرفتە ئابووریە جۆربەجۆرەكان.

هەروەها باسی لە گرفتەكانی لایەنە سیاسیەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و هەڵپەساردنی كاروبارەكانی پەرلەمان و كێشە سەرەكیەكان كراو هەوڵدان بۆ رێكخستنەوە و ئاشتكردنەوەی لایەنەكان و یەكریزی و یەكدەنگی نوێنەرە سیاسیەكانی خەڵك بۆ رووبەرووبوونەوەی گرفتەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بە پێویست زانرا.

لەكۆتاییدا ماتیاس میتمان پشتگیری وڵاتەكەی بۆ سەقامگیری و یەكریزی هەرێمی كوردستان و عێراق دووبارە كردەوە و پشتگیری پێشمەرگە بە پارە و چەك و تەقەمەنی و هەموو شێوازێك دووبارەكردەوە و سوپاسی ئەمینداری گشتی كرد لە سەر ئەو رۆڵەی لە رابردوودا هەیبووە و هیوادارە ناوبراو و یەكگرتوو رۆڵی زیاتر لە چارەسەر كردنی گرفتەكانی هەرێم دا ببینێت و دام و دەزگاكانی هەرێم وەك پێویست رۆڵی خۆیان ببینن .

لەلایەنخۆشیەوە مامۆستا سەلاحەدین محەمەد، ئەمینداری گشتی یەكگرتوو ئیسلامی كوردستان وێرای بەخێرهاتنی كونسوڵی گشتی ئەمریكا و وەڤدی یاوەریان ، تیشكی خستە سەر گرینگی پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاو هەرێمی كوردستان .

م. كانی