وەزیرێك : ھەندێ حزب، نایەوێ خەڵك ھیچ بزانێت

10/06/2016 - 01:59 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان باس لەوەدەكات هەندێك حزب لە بەرژەوەندیاندا نییە سەرچاوەی داهات شەفاف بێت.

عەبدولستار مەجید، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكانی حزبەكەی ڕایگەیاند "بۆردی داھاتەكان تا ئێستا تەنھا یەك كۆبوونەوەی كردووە و بەھۆی (تەحەفوز)ی ھەندێك حزبەوە نەكەوتۆتە سەر ڕێڕەوی كاری ئاسایی خۆی".

باسی لەوەشكرد، "لە یەكەم كۆبوونەوەی بۆردەكەدا وتمان كە دەبێت چوارچێوەی كار و دەسەڵاتەكانی دیاریكراو بێت و مانگی ڕاپۆرتێكی شەفافیش لەسەر كۆی داھاتی گشتی ھەرێمی كوردستان بۆ ڕایگشتی ئاشكرابكرێت".

وەزیری كشتوكاڵ بە بێ ئەوەی ناوەكانیان ئاشكرا بكات، ئاماژەی بەوەدا"ھەندێك حزب (تەحەفوز)ی ھەیە لەسەر كاری بۆردەكە بەو شێوە شەفافە و نایەوێت بڕی ڕاستەقینەی داھاتەكان بۆ خەڵكی كوردستان ئاشكرابكرێن".

عەبدولستار مەجید دوپاتی كردەوە "ھەندێ حزب، نایەوێ خەڵك ھیچ بزانێت و زانیاریی لەسەر داھاتی وڵاتەكەی ھەبێت یان بەرژەوەندیان لەھەندێ پرسی ناشەفاف و نادیاری تایبەت بە داھاتەكانەوە ھەیە" .