مژدەیەك دەدرێتە مامۆستایان

10/06/2016 - 02:02 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان باس لەوەدەكات: تائێستا بێ ئومێد نەبووین لەوەرگرتنی نیو موچەی مانگی ئەیلول و لەھەوڵیشداین دابەشكردنی زەوی ئەو مامۆستایانەش بگرێتەوە كە پێشتر زەویان پێدراوە و ئێستا لەكرێچیدان.

ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لەلێدوانێكدا بۆ snn راگەیاندووە: لەھەوڵەكانمان بۆ بەدەستھێنانی مافەكانی مامۆستایان و ئەو بەڵێنانەی حكومەت پێیداوین بەردەوامین، بەتایبەت بۆ (پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون، كۆلێژی كراوە، نیوموچەی مانگی ئەیلول و نازناوی زانستیی مامۆستایان)، چونكە ئەو مامۆستایانەی خوێندنی باڵایان تەواوكردووەو لەناو وەزارەتی پەروەردەدان، تائێستا نازناوی زانستیان وەرنەگرتووە.

ناوبراو وتیشی: "بۆ تاوتوێكردنی سەرجەم ئیشوكاری مامۆستایان كە بەشێوەیەكی گشتی دوادەكەوێت، بڕیارە لەگەڵ وەزارەتی دارایی كۆبینەوە، بەڵام تائێستا وادەی كۆبوونەوەكە دیارینەكراوە".

لەبارەی پێدانی نیو موچەی دووەمی مانگی ئەیلولی ساڵی پار، كە تائێستا چەندین وادەی بۆ دیاریكراوە، بەڵام دابەشنەكراوە، ئەحمەد گەرمیانی وتی: "بێومێد نەبووین لەپێدانی ئەو نیو موچەیە، چونكە ئەوە بەڵێنێكەو ئەنجومەنی وەزیران بە ئێمەو وەزارەتی پەروەردەی داوە، حكومەتیش تائێستا نەیوتووە نیو موچەی مامۆستایان نادرێت یان دوادەخرێت، بەڵام ھەركاتێك بارودۆخی دارایی باشبوو، ئەوكاتە دەدرێت".

سەبارەت بەپێدانی زەوی بەمامۆستایان، سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ئاماژەی بەوەكرد: لەڕابردوودا مامۆستایان پشكی شێریان بەركەوتووە لەوەرگرتنی زەوی، بۆیە چاوەڕوان دەكەین ئەمجارەش ژمارەیەكی زۆر لەمامۆستایان، بەتایبەت ئەوانەی پێشتر سودمەند نەبوون، زەویان پێبدرێت.

ئەوەشیخستەڕوو: "لەھەوڵداین بۆئەوەی بڕیاری دابەشكردنی زەوی ئەو مامۆستایانەش بگرێتەوە، كە پێشتر زەوییان وەرگرتووەو ئێستا لەكرێچیدان.