بكوژی دوو پیاوه‌كه‌ی شاری كۆیە ده‌ستگیر كرا

10/06/2016 - 08:50 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

به‌پێی زانیارییه‌كانى سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ئاسایشى رۆژهه‌ڵاتى هه‌ولێر، شه‌وى رابردوو تۆمه‌تبارى سه‌ره‌كى كوشتنى دوو پیاوه‌كه‌ى شارى كۆیه‌ ده‌ستگیر كرا كه‌ ته‌مه‌نى ته‌نها 17 ساڵه‌.

به‌پێی زانییارییه‌كان، هێزه‌كانى ئاسایش دواى وه‌رگرتنى زانیاریی ورد و به‌دواداچوون، شه‌وى رابردوو توانییان تۆمه‌تبار (ع . ع . س) له‌دایكبووى ساڵى 1999 به‌ تۆمه‌تى كوشتنى دوو پیاوه‌ هه‌ژاره‌كه‌ى كۆیه‌ ده‌ستگیر بكه‌ن.

له‌ دواى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵیدا، ئه‌و تۆمه‌تباره‌ دانى به‌وه‌داناوه‌ كه‌ ئه‌و بكوژى هه‌ردوو پیاوه‌كه‌ى شارى كۆیه‌یه‌ كه‌ شه‌وێك پێشتر هه‌ستابوو به‌ كوشتنیان.

دوو رۆژ پێش ئێستا له‌ دره‌نگانێكى شه‌و، دوو پیاوى هه‌ژار له‌ پشت پێشانگاى ئۆتۆمبیله‌كان له‌ شارى كۆیه‌، به‌ چه‌قۆ كوژران.

لەئێستا بەهۆی بەردەوامی لێكۆڵینەوەكان و پەسندنەكردنی وتەكانی بكوژەكە لەلایەن دادوەرەوە، هۆكاری كوشتنی ئەو دوو پیاوە بڵاونەكراوەتەوە.

 

باسنيوز