بەهۆكارێكی نادیار لێدانی خەندەق رادەگیرێت

10/06/2016 - 11:46 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

 

 

پـرۆسەی هەڵكەندنی خەندەق لە نێوان هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش و حەشدی شەعبی ڕاگیراوەو بەشێك لە فەرماندەكانی پێشمەرگەش هۆكارەكەی بۆ قەیرانی دارایی دەگێڕنەوە.
عەقید (جمور ڕۆستەم) فەرماندەی پێشمەرگە لە پارێزگای دیالە رایگەیاند، لە جەلەولاوە بۆ ناوچەی كۆباشی باشووری خانەقین بە درێژایی (11) كیلۆمەتر خەندەقیان هەڵكەندووە، وتیشی : بڕیاربوو خەندەقەكە تاكو ناوچەی نەفتخانە لە نزیك قەزای مەندەلی بڕوات، بەڵام هەڵكەندنی خەندەق ڕاگیراوە.
لە هەندێك ناوچە بە تایبەت باشوورو ڕۆژئاوای كەركوك پرۆسەی هەڵكەندنی خەندەق تەواو بووەو دەوروبەری خەندەقەكان تەلبەندو مین ڕێژیش كراون.
لەلایەن خۆشیەوە (عەبدولڵا بۆر) فەرماندەی میحوەری پارێزگای سەڵاحەددینی پـێشمەرگە بۆ دەنگی ئەمریكا رایگەیاند، لە سنووری قەزای خورماتووش هەڵكەندنی خەندەق راگیراوەو هۆكاری ڕاگرتنەكەش لای وەزارەتی پێشمەرگەیە.
هاوكات بەرپرسی راگەیاندنی قایمقامیەتی خورماتوو هۆكاری راگرتنی خەندەقی لەسنووری خورماتوو لەلایەن پێشمەرگەوە بۆ قەیرانی دارایی گێرایەوە.
هەڵكەندنی خەندەق كە ساڵی پار لەلایەن هەرێمەوە دەستیپێكرا، بریاربوو بەدرێژایی (1050) كیلۆمەتر و لەموسڵەوە هەتا خانەقین خەندەق بەدەوری هەرێمدا لێبدرێت، ئەمەش نیگەرانی لای حكومەتی عێراق دروستكرد بەوەی هەوڵێكە بۆ دیاریكردنی سنوری كوردستان.

 

ئـ . كـ