پاره‌ی پێوه‌ری ئاو ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه‌ بۆ هاوڵاتیان

ڕێبین عەلی 10/06/2016 - 15:24 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت: ھەر كەسێك پێوەرەی ئاو دابنێت، بەچوار مانگ تێچووی ئەو ئامێرەیان بۆ دەگەڕێنینەوە، هاوكات ھۆشداریش لەبارەی بڕینی كارەبای ئەو ماڵانە دەدات كە ئامادە نین پێوەری ئاو دابنێن.

سەربەست عوسمان بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی سلێمانی، لەلێدوانێكدا بۆ هەواڵی سلێمانی راگەیاندووە: پێوەری ئاو نرخەكەی لەنێوان (٤٢-٤٦) ھەزار دینارەو ھەر كەسێكیش بیكڕێت، ئێمە پارەكەی بۆ دەگەڕێنینەوە و تا چوار مانگ ئێمە ١٠ ھەزار دینار لەھاوڵاتیان وەرناگرین.

بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی سلێمانی لەبارەی ئەو كەسانەی پابەندی دانانی پێوەرەكە نابن، وتی: ئەگەر بۆ ماوەی سێ مانگ پێوەری ئاو دانەنرێت، بڕی ١٠٠ ھەزار دینار غەرامە دەكرێن و لەحاڵەتی بەردەوامبوونیش بۆ سێ مانگی تر، ٢٠٠ ھەزار دینار غەرامە دەكرێن، ئەگەر دووبارەشی بكەنەوە، كارەبای ماڵەكەیان دەبڕدرێت.

سەربەست عوسمان ئەوەشی خستەڕوو: بەھەمانشێوەی دانەنانی پێوەرەكان، ھەركەسێك ئەو پێوەرانە لێ بكاتەوە غەرامە دەكرێت، وتیشی: زیاتر لە ٩٥ ھەزار پێوەری زیرەكمان بۆ ئاوی ماڵان بەستووەو ژمارەیەكی كەمیش ماوە تا ئەو پێوەرەیان بۆ دابنرێت.


ڕێبین عه‌لی