وەزارەتى پێشمەرگە 120 خوێندکارى زانکۆی دادەمەزرێنێت

11/06/2016 - 20:45 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

وەزارەتى پێشمەرگەى حکومەتى هەرێمى کوردستان، خولێکى 6 مانگى بۆ خوێندکارانى دەرچووى زانکۆی دەکاتەوە.

لیوا قارەمان کەمال جێگرى سەرۆکى ئەرکان بۆ مەشق لە وەزارەتى پێشمەرگە، لە لێدوانێکیدا بۆ سایتى خەڵک ڕایگەیاندووە، دواى جەژنى ڕەمەزان، خولێکى سەربازى بۆ دەرچوانى زانکۆی دەکرێتەوە کە پێشتر لەسەر میلاکى وەزارەتى پێشمەرگە نەبوون و سەرجەمیان تازە دامەزراندنیان بۆ دەکرێت.

ناوبراو ئاماژەى داوە بەوەى، ژمارەى ئەو خوێندکارانەى بەشدارى خولەکە دەکەن 120 خوێندکارى دەرچووى بەشە جیاجیاکانى زانکۆیە، دواى تەواوکردنى خولەکەیان پلەى ملازمى دوویان پێ دەدرێت و دەخرێنە سەر میلاکى وەزارەتى پێشمەرگە.

جێگرى سەرۆکى ئەرکان بۆ مەشق لە وەزارەتى پێشمەرگە هەروەها ڕایگەیاندووە، ئەو دەرچوانەى زانکۆ کە پێشتر مونتەسیبى وەزارەتى پێشمەرگە بوون، ناوەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتى ئەفسەرانە و لە ئایندەیەکى نزیکدا ناوەکانیان بەرز دەکرێتەوە بۆ فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان بۆئەوەى مەرسومیان بۆ دەربچێت و پلەى ئەفسەر وەربگرن.