وەزیرێك : نرخی نەوت بەرز بووەتەوە و هیچ پاساوێک نەماوە بۆ پاشەکەوتی زۆرە ملەی فەرمانبەران

11/06/2016 - 20:49 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان لەوەڵامی سەرۆکی فراکسیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی ڕایگەیاند، تاکە وەزیربووە لە کۆبوونەوەی ڕابردوی ئەنجومەنی وەزیران بەسەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی وتووە، نرخی نەوت بەرز بووەتەوە و هیچ پاساوێک نەماوە بۆ پاشەکەوتی زۆرە ملەی فەرمانبەران.

عەبدولستار مەجید، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەهەرێمی کوردستان لەوەڵامی شوان قەڵادزەی، سەرۆکی فراکسیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژە بۆ ئەوەکردووە بۆ کاک شوان و ھەموو ئەو ھاوڵاتیە بەڕێزانەی کە دەپرسن بۆچی وەزیرە ئیسلامیەکان بێدەنگن لە بەردەوامیی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران؟
وەزیری کشتوکاڵ ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، تۆمەتبارکردنمان بە (ڕازیبوون بەو ستەمەی لە خەڵک دەکرێت !)، نیشانەی بێ ئاگاییە، چونکە ھیچ کەس لە ئێمە دەنگی بەرزتر و دلێرتر نەبووە بۆ داکۆکی لە مافی خەڵک و ھاوکارییکردنی فەرمانبەران و ناڕازیبوون بەرامبەر سیستمی پاشەکەوتی موچە.
عەبدولستار مەجید وتی "ئەگەر کاک شوان و پەرلەمانتارانی بەڕێزی دیکە لە بری تۆمەتبارکردن، لە کاتی خۆیدا ھەڵوێستیان ھەبوایە ڕەنگە دۆخەکە ئێستا جۆرێکی دیکە بوایە".
ناوبراو ئەوەشی وتووە "دەبوو کاک شوان بەر لە ھەر شتێک پرسیاری لە بێدەنگی حزبەکەی خۆشی بکردایە لەبەرامبەر ئەو حاڵەتەی باسی دەکات ".!