هاوسەرۆكی پەكەكە: حكومەتی هەرێم لە شەنگال هەڵهات

12/06/2016 - 13:21 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی


هاوسەرۆكی كۆنسەی بەرێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان - كەجەكە لە دیمانەیەكدا لەسەر چەندین پرسیی جیاوازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدوێت و ڕایدەگەنێت لە شەنگال حكومەتی هەرێم هەڵات، سەرەڕای هەبوونی هیزێكی زۆر لە ناوچەكە و ئێستاش پارتی بە هاوكاری توركیا دەیەوێت شەڕ لەگەڵ پەكەكە بكات و پێشی وایە دەبێت لایەنەكانی تری باشوری كوردستان وەك یەكێتی و گۆڕان ڕێكەوتن بكەن.


لە میانەی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ساتی فەرمی پەكەكە جەمیل بایك هاوسەرۆكی كۆنسەی بەرێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان- كەجەكە دەڵێت" كاتێك داعش هێرشی كردە سەر شەنگال، لە شەنگال حكومەتی هەرێم هەڵات، سەرەڕای هەبوونی هیزێكی زۆر لە ناوچەكە، ئەگەر شەڕیان بكردایە دەیانتوانی شەنگالیان بپاراستایە، بەڵام شەڕیان نەكرد بۆیە نەیان ‌پاراست، هەمانكات داعش لە شەنگال كۆمەڵكوژییەكی زۆری ئەنجامدا لە كوشتن و بڕین و بەتاڵانبردن و فرۆشتنی ژنانیان ئەنجامدا. گەریلا بەئەركی خۆی هەڵسا، لەچ كاتێكدا موداخەلەیانكرد، كاتێك‌ پێشمەرگەكانی ئەو ناوچەیە پارێزگاریان نەكرد و هەڵاتن و داعش كەوتە ناوچەكەوە، ئێزیدییەكان رووبەڕووی ژینۆساید بوونەوە‌، لەو هەلومەرجەدا گەریلا چووە شەنگال، بەچوونیشیان مردنی خۆیان خستە بەرچاویان و بەرگریان كرد لە ئێزیدی و شەنگال، چونكە لەوێ كێشەی كورد لە ئارادابوو، مرۆڤایەتی نەیدەتوانی ژیان بكات، پێویست بوو رێگری لە داعش بكرابایە‌، چوونی گەریلاش لەو چوارچێوەیە‌دابوو كەكەس نەبوو بۆ پاراستنی شەنگال، لەوێ حكومەت و پێشمەرگە نەبوو، ئەگەر حكومەت و پێشمەرگە لەوی هەبوایە دواتر گەریلا بچوایە موكینە بوترایە گەریلا هات حكومەت و پێشمەرگەی لەوێ دەركرد، گەریلا نەیانهێشت داعش لە شەنگال كۆمەڵكوژی و وێرانكاری بەتەواوەتی ئەنجام بدات، جڤاكی ئێزیدی پاراست شەنگالیان پاراست".


هەروەك دەڵێت" ئێستاش پارتی بانگەوازی دەكات و دەڵێت؛ یان ئێمە‌ یان پەكەكە، یان ئێمە‌ دەركەوین یان پەكەكه،‌ ئەگەر ناشتوانن پەكەكە دەربكەن ئەوە ئێمە‌ بە هاوكاری توركیا بەشەڕ دەریان دەكەین، ئەوەش تەنیا بۆئەوەیە شەڕێك لەناوچەكە ئەنجام بدەن، پێویستە‌ كورد ئەمە باش بزانێت، ئەمە ناكەوێتە خزمەتی شەنگال و ئێزیدییەكان، بەمە كێشەی باشوور گەورە‌تر دەبێت، ئەمڕۆ بۆ كوردان دەرفەتێكی مێژووی دەركەوتووە كە كورد بتوانێت بەسەركەوتن ژیان بكات و ببێتە گەلێكی پێشەنگ، ئەگەر مەترسیەكیش هەبێت بتوانێت چارەسەری بكات. كێشەی كورد كێشەیەكی مرۆڤایەتییە دەبێ نەیكەینە قوربانی بیری حیزبایەتی تەسك.".


سەبارەت بە ڕێكەوتنی یەكێتی و گۆڕان ڕای وایە كە " رەنگە لە رێكەوتنی یەكێتی و گۆڕاندا هەندێك كێشە هەبێت، بەباوەڕی من ئەگەر هەوڵی بۆ بدەن دەتوانن چارەسەریشی بكەن، نەك تەنیا پێویستە لە نێوان ئەواندا رێكەوتن هەبێت، بەڵكو پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسیەكانی باشووری كوردستان رێكبكەون، پێویستە رێكەوتنێكی نەتەوەیی لە باشووری كورستان بێتە ئاراوه،‌ لەسەر بنەمای دیموكراتی بوون بێت، چونكە لەو رێگەیەوە خزمەت دەكات و چارەسەری دەكات، لەسەر ناوەڕۆكی دیموكراتی ئازادی ئەو ڕێكەتنە ئەنجام نەدرێت، ئەو ڕێكەوتنە خزمەت ناكات، ئەوكات‌ بۆخۆی هەندێك كێشە دروست دەكات، لە باشووری كوردستان پێویستە ئەوە پێشبكەوێت، لەنێوان باشوور و بەشەكانی تریش پێویستە پێشبخریت، ئەوكاتە لەسەر ئەو بنەمایە‌ دەگەینە كۆنگرەیەكی نەتەوەیی و هێزێكی سەربازی كورد لەژێر فەرمانداریەتێكدا ببێتە یەك و بكەوێتە خزمەتی هەموو بەشەكانەوه،‌ هەروەها دیبلۆماسیەتی كورد لەژێر چەترێكدا ببێتە یەك و بكەوێتە خزمەتی بەشەكانی تریشەوه".

 

am