د.یوسف گۆران: گرفتی زانكۆ تایبەتیەكانی هەرێم، ئەوەندەی گرفتێكی سیاسیە گرفتێكی یاسای نیە

13/06/2016 - 10:05 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایدەگەیەنێت: بەپێی دەستوری هەمیشەیی ئێراق، كردنەوەی زانكۆی تایبەت لە هەرێمی كوردستان لە دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، نەك حكومەتی ئێراقی، بۆیە ئەو گرفتە كە لە نێوان زانكۆ تایبەتەكانی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئێراقیدا هەیە ئەوەندەی گرفتێكی سیاسیە گرفتێكی یاسای نیە.

 

د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ڕاگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی دەست كوردیو كەوتوە ڕایگەیاند: زانكۆ تایبەتەكانی هەرێمی كوردستان لە ڕوی كواڵیتی و، مامۆستاو، زمان و، لایەنی ئەكادیمی زۆر جیاوازترە لەوەی كە لە زانكۆ تایبەتەكانی ئێراقدا هەیە، بۆیە ئەو گرفتەشی كە دروستكراوە ئەوەندەی گرفتێكی سیاسیە، گرفتێكی یاسایی نیە.

 

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: هەر قوتابیەك ئەگەر بەسەركەوتوی خوێندن لە زانكۆیانەی كە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دانییان پێدا نراوە و، دوای ئەوەی كە دڵنیابین لەوەی خوێندنەكەی بەسەركەوتوی لەو زانكۆیان تەواو كردوەو بڕوانامەی دەرچونیان پێ درا، ئەوا لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاستاندن و یەكسانكردن بۆ بڕوانامەكەی دەكرێ، بەڵام بەو مەرجەی كە ئەو قوتابیانە پێشتر پشتگیری بڕوانامەكانی ئامادەیی و بەكالۆریۆسەكەی كرابێت‌ لەلایەن وەزارەتەكانی (پەروەردە و خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان) و، فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌ و، لەگەڵ خۆشی ئەو پشتگیرییانە بیبات بۆ ئەو زانكۆیەی كە لێیی دەخوێنێ، ئەوەش وەك ڕێگەی چارەی بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیەی زانكۆ تایبەتەكان كە لەگەڵ حكومەتی ئێراقی هەیانە بڕیاری لەسەر درا.

 

 


سەلام بێستانسوری