ئەفسەرانی پێشمەرگە پلەیان بەرزدەكرێتەوە

13/06/2016 - 17:57 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی


كوردیو - هەولێر

خشتەی پلە بەرزكردنەوەی ئەفسەرانی پێشمەرگە بەئیمزاكراوی گەیشتۆتە‌ وەزارەتی پێشمەرگەو لەچەند رۆژی داهاتوودا گشتاندنی بۆ سەرجەم یەكەو لیواو دامەزراوەكانی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە پێدەكرێت .

لیوا قارەمان شێخ كەمال جێگری سەرۆك ئەركانی پێشمەرگە بۆ ئۆپەراسیۆن رایگەیاند: ئەمڕۆ 13/6/2016 خشتەی پلەبەرزكردنەوەی مانگی 3ی 2015 بە ئیمزاكراوی گەیشتەوە وەزارەتی پێشمەرگە، ئەوەش دوای ئەوەی رەوانەی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم كرابوو بەمەبەستی ئیمزاكردنی .

وتیشی: خشتەكە دەخرێتە بەردەست وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی فەرمانێكی نوێ دەربكات و بڕیار بدرێت ئەو ئەفسەرانەی شایستەی پلە بەرزركردنەوەكەبوون پلەكانیان ببەستن و لەچەند رۆژی داهاتوودا گشتاندنی پێدەكرێت بەسەر تەواوی لیواو یەكەو دامەزراوەكانی سەر بە وەزارەت .

لیواكە بە ماڵپەری فەرمی یەكێتی راگەیاندووە: ‌‌‌ئەو خشتەیەی كە ئیمزا كراوە مانگی نەورۆزی 2015یە، وە مافی ئەو ئەفسەرانە نافەوتێت لەبەرئەوەی لەوكاتەوە بۆیان هەژمار دەكرێت كە سایشتەی پلە بەرزكردنەوەبوون .

ئەفسەرێكیش لەوەزارەتی پێشمەرگە وتویەتی: ‌بەداخەوە وەزارەتی پێشمەرگە بە كارەكانی خۆی هەڵناستێت لەكاتی بەرزكردنەوەی پلەكانماندا، لەكاتێكدا پێشمەرگە قارەمانەكان لەشەڕێكی قورسدان لەگەڵ تیرۆرستانی داعش، بچوكترین مافی ئێمە بەرزكردنەوەی پلەكانمانە كە بۆمان ناكرێت و تەنها شتە دڵمان پێی خۆش بێت.

م. كانی