"گەرمیان ئەو بڕیارە جێبەجێ ناكات،پێویستە ئەو بڕیارە هەڵبوەشێتەوە"

14/06/2016 - 02:39 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی
دوای ئەوەی بە بڕیاری پارێزگاری سلێمانی رێگە درا بەهاوڵاتیانی عەرەب كە بتوان شوێنی نیشتەجێبوون بەناوخۆیان تاپۆ بكەن، ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی سەوز رایدەگەیەنێت "ئاسەواری ئەم بڕیارە لەسەر دەڤەری پارێزگای گەرمیان خراپ دەكەوێتەوە و قابیلی جێبەجێكردن نییە".
 

لەوبارەیەوە سالار مەحمود ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فركسیۆنی سەوز لە نوسینێكدا كە لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك لە ژێر ناونیشانی "گەرمیان ئەو بڕیارە جێبەجێ ناكات،پێویستە ئەو بڕیارە هەڵبوەشێتەوە" بڵاویكردۆتەوە، ئاماژە بەوەدەكات، لەكاتێكدا مەترسی تەعریب لەسەر كوردستان بەفۆرمێكی جیاوازتر لەهەموو كات زیاتر هەیە، بڕیار دەدریت شوێنی نیشتەجێبوون تاپۆ بكرێت بۆ هەموو هاووڵاتیانی عێراق. بەبێ رەچاوكردنی دیوە سیاسی و جوگرافی و كاریگەرییەكانی تر. 


ناوبراو لە درێژەی نوسینەكەیدا باس لەوەشدەكات، لێشاوی هاتنی ملیۆنان عەرەب لەناوەڕاست و باشوری عێراق چەند لەڕووی ئابوریەوە قازانج بێت! كە نیەتی.. چونكە هەزاران ئاوارەی عەرەب بەسەر موڵك و ماڵی گشتییەوە لەكوردستان دەژین.


سالار مەحمود وتیشی: ئاسەواری ئەم بڕیارە لەسەر دەڤەری پارێزگای گەرمیان خراپ دەكەوێتەوە قابیلی جێبەجێكردن نییە. بۆیە داوا لەسەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ناكەم كە كار بەم نوسراوە نەكەن، چونكە پێشترو لەئاییندەشدا كارێك ناكەن كە باش دیراسەی بەرژەوەندی و زیانی گشتیان نەكردبێت، گەرمیان نزیكە لەناوچەی بەعەرەبكراو، لێشاوی هاتنی ئاوارەی عەرەب مەترسی لەسەر چارەنووسی ناوچە تازە ئازادكراوەكانیش دروستكردووە.

 

لەكۆتایی نوسینەكەیدا سالار مەحمود دەڵێت: ئەو فەرمانەی پارێزگای سلێمانی ژمارە ٦٤٤٨ لە ٦/٦/٢٠١٦ بۆ سنوری پارێزگای سلێمانی دەركراوە. گەرمیان لەباری ئیدارییەوە سەربەخۆیی خۆی هەیە بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لەساڵی ٢٠٠٨ ـەوە، بەڵام هۆشیاری لەمبارەیەوە پێویستە، بەبڕوای ئێمە ئەم بڕیارە بۆ هەموو كوردستان نەك سلێمانی یان گەرمیان یان هەڵەبجەو دهۆك و هەولێر زیانی زۆر زیاترە لەسوودێكی ئابوری ئەگەر هەیبێت.