ئەمینداری گشتی یەکگرتوو : بە ڕێزەوە دەڕوانینە راو بۆچوون و بژاردەی ئازادانەی خەڵکی کەرکوک

14/06/2016 - 02:53 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

مامۆستا (سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین) ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، بە ئامادەبوونی بەڕێزان (د.هادی عەلی) سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسی و جەماوەری و، (خەلیل ئیبراهیم) کارگێری ئەنجومەنی جێبەجێکردن، کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ لێژنەی تایبەت بە بارودۆخی کەرکوک ئەنجامدا، ئەندامانی لیژنەکە دید و بیروڕای خۆیان لەبارەی دۆخی ئێستا و ئایندەی کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم خستەڕوو.


کۆبوونەوەکە لەسەر گشت گیروگرفتەکانی پەیوەست بە کەرکوک و پێشهاتەکان هەڵوەستەی کرد و تاوتوێی گشت ئەگەرەکانی کرد.


لەو بارەیەوە ئەمینداری گشتی لیژنەکەی لە هەستیاری بابەتەکە ئاگادارکردەوە و پێی راگەیاندن کە ئێمە لەگەڵ کۆدەنگى کوردستانین و بە ڕێزەوە دەڕوانینە راوبۆچوون و بژاردەی ئازادانەی خەڵکی کەرکوک و بەرژەوەندی باڵای گەلی کوردستان.