موچەی ئەم كەسانە وەك خۆی دەمێنێتەوە

ڕێبین عەلی 14/06/2016 - 12:03 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی كاروباری شەھیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان باس لەوەدەكات، كە مووچەی شەھیدانی شەڕی داعش وەكو خۆی دەمێنێتەوە و مووچەی شەھیدانەیان بۆ خەرج ناكرێت.
بەپێی رێنمایی ژمارە ٢٤ی وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێمی كوردستان كە لە ١-٦-٢٠١٦ دەرچووە، بەردەوام دەبن لە پێدانی مووچە و دەرماڵەی ئەوانەی لە ھێزەكانی پێشمەرگە شەھید دەبن یان دەمرن، تا دۆسییەكانیان بۆ رێك دەخرێت، لەوباریەوە بەرەڤان حەمدی بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی كاروباری شەھیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە باسی راگەیاندووە، مووچەی شەھیدانی شەڕی داعش وەكو خۆی دەمێنێتەوە و مووچەی شەھیدانەیان بۆ خەرج ناكرێت.

ناوبراو وتیشی: "سیستەمی مووچەی وەزارەتی شەھیدان و پێشمەرگە جیاوازیی ھەیە، بۆیە بڕیار درا دۆسیەی ئەوان لە وەزارەتی پێشمەرگە بمێنێتەوە و دوو پلەشیان پێ دەدرێت و مووچەكانیشیان بەردەوام دەبێت و پاش قەیرانی دارایی دۆسیەكانیان دەنێردرێتە وەزارەتی كاروباری شەھیدان".

بەرەڤان حەمدی ئاماژەی بەوشكرد، لە وەزارەتی شەھیدان مووچەی پێشمەرگەی شەھید ٥٠٠ ھەزار دینارە، بەڵام لە وەزارەتی پێشمەرگە لەنێوان ٧٠٠ بۆ ٩٠٠ ھەزار دینارە، بەرزترین پلەی شەھیدیش لە وەزارەتی شەھیدان پلەی لیوایە كە لەنێوان ٩٦٠ ھەزار دینار بۆ ملیۆنێك و ٦٠ ھەزار دینارە، بەڵام لە وەزارەتی پێشمەرگە مووچەكە زۆر زیاترە، بۆ ئەوەی كەسوكارەكەی سوودمەند بن لەو مووچانە، مووچەكانیان لە وەزارەتی پێشمەرگە دەدرێت.

بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی كاروباری شەھیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئاشكراشی كرد، بۆ ئەو خۆبەخشانەی لە بەرەكانی شەڕ شەھید دەبن، دەبێ بەرپرسانی میحوەرەكان نووسراو بكەن بۆ لیژنەی یاسایی وەزارەتی پێشمەرگە و لیژنەی یاسایی فەرمانگەی خانەنشین، بە فەرمانی یەكەم پلەیان دەكرێتە پێشمەرگە و فەرمانی دووەم دوو پلەیان پێ دەدرێت و دەچنە خانەی پێشمەرگەی شەھید و پاشان دەخرێنەوە سەر وەزارەتی شەھیدان، گوتیشی: "ئەگەرچی مووچەی ئەو كەسانە لە وەزارەتی شەھیدان دەبێت ، بەڵام ھەموو ئیمتیازێكی شەھیدانەیان دەبێت و كەسوكاری ئەوان بۆیان ھەیە بۆ پرسی خوێندن و چارەسەری نەخۆشی و ھاوكاریكردنیان سەردانی وەزارەتی كاروباری شەھیدان بكەن ".


ڕێبین عەلی