پارێزگاری هەڵەبجە و گۆڕان لێدوانی دژ بەیەک دەدەن

14/06/2016 - 12:58 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

كوردیو -

 پارێزگاری هەڵەبجە و مەکۆی گۆڕان لە هەڵەبجە لێدوانی دژ بەیەک دەدەن لەسەر ناردنی ناوی کاندیدانی گۆڕان بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکە.

ئەمڕۆ سێ شەممە عەبدوڵا نەوڕۆڵی ڕاگەیاند، هاوشێوەی کۆمەڵ گۆڕانیش ناوی کاندیدانی بۆ ئەنجومەنی پارێزگا ئاڕاستە کردوون کە ٦ کاندید پێکدێن، بەڵام دواتر نزار محەمەد باژێڕوانی مەکۆی گۆڕان لە لێدوانێکیدا بۆ ئێن ئاڕ تی ڕەتیکردەوە ئەوان ناوی کاندیدەکانیان ناردبێت.

بەپێی زانیارییەکانیش، هۆکاری نەناردنی ناوی کاندیدەکان دەگەڕێتەوە بۆ کێشە لەناو مەکۆی گۆڕان و یەکلایینەبوونەوەیان لەسەر هەڵبژاردنی کاندیدەکان.

ئەوەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ کۆمەڵی ئیسلامی ناوی کاندیدانی ئاڕاستەی پارێزگاری هەڵەبجە کرد کە پێکهاتوون لە تۆفیق مستەفا، ڕازان ئەبوبەکر و نەوشیروان محەمەد.

حەسەن عەبدوڵا ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتوو بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، دەبوو ئەو کاتەی پارێزگاری هەڵەبجە و جێگرەکەی دەستبەکاربوون، ئەنجومەنەکەش پێکبهێنرایە.

ئەوەشی وتوە : پارتی دوای ئەوەی دەستی لە پۆستی قایماقامی هەڵەبجە هەڵگرت لە ئیستادا داوا دەکات چواری کورسی لە ئەنجومەنی پارێزگا پێبدرێت.

شایەنی باسە یاسای دامەزراندنی پارێزگای هەڵەبجە و ئەنجومەنی پارێزگاکە لە ٢٥ی شوباتی ساڵی رابردوەوە دەرچووە و ماوەی زیاتر لە ساڵێکە پارێزگار و جێگرەکەی دەستبەکار بوون بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە ئەنجومەنەکە پێکبهێنرێت.

لە ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجەدا یەکێتی شەش کورسی، گۆڕان پێنج کورسی، یەکگرتوو چوار کورسی، کۆمەڵ و پارتی هەریەکەیان سێ کورسی، بزوتنەوە دوو کورسی، شیوعی یەك کورسی و کاکەییەکانیش کورسی کۆتایان بەردەکەوێت.

 

هونەر بانەگوڵانی