قوباد تاڵەبانی داوای شەفافیەت لەم پرۆسەیە دەكات

14/06/2016 - 15:27 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

كوردیو - هەولێر

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم داوای شەفافیەت دەكات لەدابەش كردنی هاوكاریەكانی ئەمەریكا بۆ پێشمەرگەو دەشڵێت: پێمان باشە خودی لایەنی ئەمەریكی ئامادەبێت لەپرۆسەی دابەش كردنی هاوكاریەكان .

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە راگەیەندراوێكدا ئەوەی ووتووە: شەفافیەت لەدابەش كردنی هاوكاریەكان چەند بۆ ئەمەریكا گرنگە، دوو هێندەش بۆ ئێمە گرنگە، چونكە ئەگەر شەفاف نەبین لەو پرۆسەیە ئەوا غەدر دەكەین لە شەهیدەكانمان پێشمەرگە هەروەها پێمان باشە خودی لایەنی ئەمەریكی ئامادەبێت لەپرۆسەی دابەش كردنی هاوكاریەكان".

ئەمڕۆ ١٤ی حوزەیران قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، لە هەولێر، لەگەڵ وەفدێكی سەربازی ئەمەریكی كۆبووەتەوە بۆ گفتوگۆ كردن لەبارەی شەڕی دژ بە داعش و هاوكاریە سەربازیەكانی ئەمەریكا بۆ هێزی پێشمەرگە، كۆبونەوەكە بەئامادەبوونی كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ- وەزیری پێشمەرگە بەوەكالەت، ڕابەر سدیق وەزیری دارایی بەوەكالەت، فەریق جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوەچووە .

ئەوەش هاتووە: سەرباری ئەو قەیرانە داراییە خنكێنەرە كە بەهۆكاری جیاجیا بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە، توانیومانە ئەگەر بەقەرزیش بێت موچەی هێزە ئەمنیەكان بێ‌ پاشەكەوت دابەش بكەین .

هاوكات لە كۆبوونەوەكەدا حكومەتی هەرێم و ئەمەریكا لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی هاوكارییەكان بەسەر پێشمەرگەدا ڕێككەوتون .

وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا هاوكاری پێشمەرگە دەكات بەبڕی ٤١٥ ملیۆن دۆلار و هاوكات لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی دژ بەداعشیشدا پێشمەرگە هاوكاری چەك و تەقەمەنی پێدەگات .

م. كانی