ئەمینداری گشتی یەكگرتوو پێشوازی لە شاندێكی كەجەكە كرد

14/06/2016 - 17:14 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

كوردیو - هەولێر

رۆژی سێشەممە 14-6-2016 لە بارەگای تایبەتی خۆی لە شاری هەولێر مامۆستا سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی كۆما جڤاكی كوردستان (كەجەكە) كرد.

لە دیدارەكە شاندی میوانی پیرۆزبایی سەركەوتنی كۆنگرەی حەوتەم و هەڵبژاردنی مامۆستا سەڵاحەدینیان وەكو ئەمینداری گشتی یەكگرتوو كردو ڕۆڵ و پێگەی یەكگرتوویان لە گوڕەپانی سیاسی باشووری و كوردستان و هەڵوێستەكانی لە پارچەكانی دیكەی كوردستانیان بەرز نرخاند.و ئاماژەیان بە پەیوەندی هاوسەنگی یەكگرتوو لەگەڵ لایەنەكانە سیاسییەكانی پارچەكانی دیكە كرد.

لە لایەن خۆشییەوە ئەمینداری گشتی یەكگرتوو وێرای بەخێرهێنانی گەرمی شاندی میوان جەختی لە سەر یەكریزی گەلی كوردستان لە سەرجەم پارچەكان كرد، ئاماژەی بەوەدا كە گرنگە لایەنە سیاسییەكان رێز لە تایبەتمەندی و دیدو تێڕوانی یەكتر بۆ كێشەو پرسە سیاسییەكان بگرن.

ئەمینداری یەكگرتوو هەڵسەنگاندێكی بابەتییانەی پەرەسەندنەكانی گۆڕەپانی پارچەكانی كرد و جەختی لە سەر گرنگی چارەسەكردنی پرسی رەوای گەلەكەمان لە هەموو پارچەكان بە رێگای ئاشتی و رێگای چارەسەری سیاسی كرد و وتی:" كێشەی گەلی كورد لە هەموو پارچەكان پرسێكی مەشروع و مافێكی زەوتكراوە، یەكگرتوو لەگەڵ چارەسەركردنی كێشەكانە بە رێگای سیاسی و مەدەنی و هەموو رێگایەكی ئەمنی و عەسكەری رەتدەكەینەوە چونكە ئەزموونی رابردوو و مامەڵەی حكومەت و دەوڵەتەكان شكستی ئەو رێگای دەرخستووە، رۆژگار ئەوەشی سەلماندووە پرسی كورد لە حاڵەتی ئاشتی و بە رێگای سیاسی گەشەو هەنگاوی زیاتر دەنێت و چارەسەركردنی كێشەی كورد سەقامگیری بۆ ناوچەكە دەگەرێنێتەوە و رۆژهەڵاتی ناوەراست پێویستی بە سەقاگیری هەیە بە چارەسەركردنی كێشەی كورد و گەیشتنی گەلی كورد بەمافی رەوای خۆی .

م. كانی