له‌ماوه‌ی‌ شه‌ش مانگدا له‌ هه‌ولێر 277 كه‌س ده‌ستگیركراون

26/06/2016 - 11:36 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

كوردیو -

له‌ماوه‌ی‌ شه‌ش مانگدا له‌سنوری‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر 277 كه‌س به‌ تۆمه‌تی‌ به‌كارهێنان و مامه‌ڵه‌كردن به‌ مادده‌ی‌ هۆشبه‌ر ده‌ستگیركراون و ده‌ستگیراوه‌ به‌سه‌ر زیاتر له‌ 20 كیلۆ مادده‌ی‌ هۆشبه‌ردا.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ نه‌هێشتنی‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌هه‌ولێر راگه‌یه‌نراوێكی‌ بلاوكردۆته‌وه‌و تیایدا هاتووه‌ : له‌مانگی‌ یه‌كی‌ ئه‌مساڵ تا مانگی‌ شه‌ش، ده‌ستگیراوه‌ به‌سه‌ر نۆ كیلۆو نیو تلیاك، پێنج كیلۆو نیو شیشه‌، پێنج كیلۆو نیو حه‌شیش، 200 گرام هیرۆین، 79 هه‌زار دانه‌ حه‌ب.

به‌پێی‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا، 277 كه‌س به‌ تۆمه‌تی‌ به‌كارهێنان و مامه‌ڵه‌كردن به‌ مادده‌ی‌ هۆشبه‌ر ده‌ستگیركراون .

بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م ئاماره‌ش هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ 26 حوزه‌یران ساڵ رۆژی‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان كه‌ له‌سه‌ر راسپارده‌ی‌ كۆنگره‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان دیاریكراوه‌.

ئاماژه‌شی به‌وه‌كردووه‌ :كارمه‌نده‌كانیان هه‌میشه‌ چاوكراوه‌ن و شه‌ونخونی‌ ده‌كێشن، به‌ ئامانجی‌ روبه‌ڕووبونه‌وه‌ی‌ به‌كارهێنان و مامه‌ڵه‌كردن به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان و ده‌ستگیركردنی‌ بانده‌كانی‌ بازرگانیكردن به‌و ماددانه‌و ره‌وانه‌كردنیان بۆ به‌رده‌م دادگا.

له‌كۆتایی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا داوا له‌ هاوڵاتیان ده‌كات به‌ چاوكراوه‌یی و وریایی زیاتر له‌و ده‌رده‌ كوشنده‌یه‌ بڕوانن و تیمه‌كان ئاگاداربكەنەوە له‌كاتی‌ هه‌ستكردن به‌ بوونی‌ بازرگان و به‌كارهێنه‌رانی‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان.

 

 

هونه‌ر بانه‌گوڵانی