لە دوای چوار ڕۆژ، مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ كرایەوە

30/06/2016 - 10:00 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

ڕاگەیاندن وپەیوەندیەكانی كۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ ڕایدەگەیەنێت: لە دوای داخستنی وەستانی جموجوڵی بازرگانی لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ بە هۆی بڕیارێكی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئەمڕۆ پێنج شەممە جموجوڵی بازرگانی لەو مەرزە دەست پێدەكاتەوە و چەند مەرجێكیش بۆ پاراستنی شۆفێران دیاری كرا.

 

ڕاگەیاندن وپەیوەندیەكانی كۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ لە ڕاگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی دەست كوردیو كەوتوە ڕایگەیاند:" چەند ڕۆژێكە ڕووبەڕووی ئۆتۆمبیلە بارهەڵگرەكانی هەرێمی كوردستان بۆتەوە بەهۆی بڕیارێكی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، كەبڕیار دراوە هەر بارهەڵگرێكی هەرێمی كوردستان پێش چوونە خاكی ئێرانەوە پێوەری گازی بۆ ئەنجام بدرێت و ڕێگە نادرێت گاز لە گاز فرۆشە قاچاخچی یەكانی ئێران بكڕن و لەبەرامبەردا وێستگەیەكی حكومی فرۆشتنی گاز دانراوە لەمەرزی باشماخ/دیوی ئێران، بۆ ئەوەی بارهەڵگرەكان ناچاربكرێن لەو وێستگەیە گاز بكڕن، وە لەبەرامبەردا گازفرۆشەكانی ئێران ڕەفتاری ناشایستە و هەڕەشە لە شۆفێری بارهەڵگرەكانی هەرێم دەكەن كە دەبێت گازیان لێ بكڕن، هەربۆیە شۆفێرەكانیش بڕیاریان دا كە نەچنە خاكی ئێران و كارەكانیان هەڵپەسارد تا ئەو كاتەی كۆماری ئیسلامی ئێران بەڵێنی پاراستنیان پێ دەدات".

 

هەروەها ئاماژەی بەوەش كردووە: دوای چەندین كۆبونەوە لەگەڵ مەرزی باشماخ/دیوی ئێران و سەندیكای شۆفێرانی پێنجوێن و بارهەڵگرەكان ، لەبەرواری ٢٠١٦/٦/٢٩ گەیشتە ئەو ئەنجامەی كەلەبەرواری ٢٠١٦/٦/٣٠ كە ئەمڕۆ ڕۆژی پێنجشەممە دەكات بارهەڵگرەكان دەچنەوە دیوی ئێران بۆ هێنانی كاڵا بازرگانی یەكان.

 

لە ڕاگەیەندراوەكەدا چەند مەرجێك بۆ پاراستنی ژیانی شۆفێرەكان خراوەتەڕوو كە تێیدا هاتووە: پاراستنی ئاسایشی شۆفێران و بارهەڵگرەكانی هەرێم لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكانی مەرزی باشماخ/دیوی ئێران دەبێت و ڕێگرتن لە قاچاغچی یە گازفرۆشەكان دەكرێت كەنەیەنە مەرزی باشماخ/دیوی ئێران.

 

هەروەها: وەرگرتنی گاز و تێكردنی لەلایەن بارهەڵگرەكانی هەرێمەوە ئارەزوومەندانەیەو هیچ كەس و لایەنێك لە دیوی ئێران ناتوانێت بە زۆر گازیان پێ بفرۆشێت و دانانی پێوەری گاز كاریگەری نەبێت لەسەر دواكەوتنی بارهەڵگرەكانی هەرێم، لەكاتی چونیان بۆ ئێران.

 

 

 

 

سەلام بێستانسوری