كەمپینی هەڵەبجەی هیوا هەناسەكانی لەگەڵ نەخۆشخانەی هیوا دابەش دەكات، ڕاگەیەندرا

30/06/2016 - 10:52 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

كوردیو ـ هەڵەبجە ـ حەیدەر حەمە صاڵح

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ بەئامادە بونی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە و لە ژێر دۆوشمی "ئەگەر ناتوانین هیوای ژیان بۆ هەموو كەس بگێڕینەوە دەتوانین هیوای ژیان بۆ چەند كەسێك بگێڕینەوە" ڕێكخراوی هەڵەبجە بۆ پەرەپێدانی ڕۆشنبیری و كلتوری و مرۆیی كەمپینی هەڵەبجەی هیوا هەناسەكانی لەگەڵ هیوا دابەش دەكات ڕاگەیەندرا.

 

كاوە عەلی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بۆ كارو باری هونەری لە لێدوانێكیدا بۆ كوردیو ڕایگەیاند: كەمپێنێك بۆ هاوكاری توش بوان بە نەخۆشی شێرپەنجەو نەخۆشخانەی هیوا ڕاگەیاندرا هەرچەندە دەزانین كە چارەسەری بنەڕەتی ناكات بۆ توش بوان بەڵام هیوایەك بە نەخۆشەكان دەبەخشێت و ڕاگەیاندنی ئەم كەمپینە لە هەڵەبجەدا لەو ڕوانگەیەوەیە كە هەڵەبجە باش لە كێشەی ئەو نەخۆشانە تێدەگات چونكە خۆشی گیرۆدەی نەخۆشیە درێژ خایەنەكانی وەك كیمیابارانە بۆیە خەڵكی خێر خوازی ئەم شارە پێشەنگن لە هاوكاری كردندا بەتایبەتی لەم مانگی ڕەمەزانەدا.

 

هەروەها ڕاشیگەیاند: دەستكاری كردن و بڕبنی ئەو بودجەی كە دیاری كراوە بۆ هاوكاریەكانی نەخۆشخانەی هیواو ڕەچاو نەكردنی بارو گوزەرانی ژیانیان كارێكی وای كردوە كە كەسانی خەمخۆر و ڕێكخراوەكان هەستن بە كۆكردنەوەی هاوكاری بۆیان، ئەم نەریتە لەوڵاتانی دونیادا هەیە بەڵام لای ئێمە حكومەت كەمتەرخەمە، حكومەت هاوكاری بكات یان نا بونی ئەم جۆرە هەڵمەت و كەمپینانە بە پێویست دەزانین .

 

وەرزێر مەنصور لێپرسراوی بەشی كلتوری ڕێكخراوی هەڵەبجە بۆ پەرەپێدانی ڕۆشنبیری و كلتوری و مرۆیی لە لێدوانێكیدا بۆ كوردیو ڕایگەیاند: ئەم هەڵمەتە سنوری پارێزگای هەڵەبجە دەگرێتەوە و نزیكەی 18 صندوقی هاوكاریمان داناوە و چەند ڕۆژێك بەردەوام دەبێت و سبەی هەینی لە ڕێگەی زانایانی ئاینیەوە گرنگی زیاتر بە كەمپینەكە دەدەین و دڵنیاین لەم مانگە پیرۆزەدا خەڵكی ئەمشارە زۆر مەردانە دەستی هاوكاری درێژ دەكەن ولەگەڵ زانایانی ئاینی ڕێك كەوتوین كە سبەینێ هەینی ناو بنێین هەینی هیوا.

 

ئاماژەی بەوەش كرد: ئێمە وەك هەڵەبجەییەكان لەبەر ئەوەی خۆمان خاوەنی چەندین بریندار و نەخۆشی درێژە خایەنین باش لەئازارەكانی نەخۆشانی نەخۆشخانەی هیواو كەس و كارەكەیان دەگەین، بەداخەوە حكومەت لەبەرامبەر ئەم كەیسەدا كەمتەر خەم بوە بەهەر بیانویەك كاتێك كە حكومەت كەمتەرخەمە ناچار دەبین پەنا ببەینە لای تاكەكانی نێو كۆمەڵگەو هاوڵاتیانی خێر خواز .

 

 

 

سەلام بێستانسوری