وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رونكردنه‌وه‌یه‌ك بلاوده‌كاته‌وه‌

30/06/2016 - 12:23 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

كوردیو -

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رونكردنه‌وه‌یه‌ك بلاوده‌كاته‌وه‌و وەڵامی بەرپرسانی کۆمپانیای دانا گاز و کرێسێنت پێترۆلیۆم دەداتەوە.

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی راپۆرتێکی ئاژانسی بلومبێرگ ،کە لە رۆژی 26-6-2016 لەسەر زاری بەرپرسانی کۆمپانیای کرێسێنت پێترۆلیۆم و دانا گاز رایگەیاندبوو "کۆمپانیاکە داوای 11 ملیار دۆلار قەرەبوو لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات".


دەقی روونكردنەوەكە سامانە سرووشتییەكان:

1. ئاژانسی بلۆمبێرگ ئەوەی لەبەرچاو نەگرتووە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان داواکاری هەیە لە دژی دوو کۆماپانیای دانا گاز و کرێسێنت پێترۆلیۆم، کە بڕیارە لە قۆناخی داهاتووی پرۆسەی دادوەری بڕیاری لەسەر بدرێت. داواکارییەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دژە داوایەکی یاساییە لەسەر ئەو زیانانەی کە پێیگەیشتووە، بەهۆی ئەوەی دوو کۆمپانیای ناوبراو دواکەوتوون لە بەجێهێنانی ئەرکەکانیان بەپێی گرێبەستەکەیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بووەتە هۆکاری دواکەوتنی پەرەپێدانی ئەو کێڵگە گازییانە.

2. هەرچۆن لە راگەیێندراوێکی پێشووتری حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە لە رێککەوتنی 22/11/2015 بڵاوبووەتەوە، هاتووە دانا گاز و کرێسێنت دانیان بەوە ناوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان کەیسێکی قابلی قبووڵی هەیە لە دژە داواکەیان، و کاری دادوەریش لەو بارەیەوە بەڕێوەدەچێت و بڕیارە لە مانگی 9ی ئەمساڵدا گوێ لەو دژە داوایە بگیرێت و بەڵگەکان بخرێنەڕوو.

3. دادگا تاوەكو ئێستا دوو بڕیاری نیوەتەواوی داوە کە هیچکامیان مافی دژە داواکەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی پووچەڵنەکردووەتەوە. لەو دوو بریارەشدا ، دادگا لەسەر بابەتە گرینگەکان داوای داواکاران ( کرێسێنت پێترۆلیۆم و داناگاز) ی رەتکردووەتەوە بەوەی کە داواکاران شیاون بۆ وەرگرتنی پارەی ئەو گازی سرووشتیەی کە سەرووی رۆژانە 200 ملیۆن پێی سێجایە و دراوە بە وێستەگاکانی کارەبای بازیان و هەولێر. داواکاران داوای وەرگرتنی ١ ملیار و 300 ملیۆن دۆلاریان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردبوو بۆ ئەو بڕە گازە.

4. هەرچۆن لە راگەیاندنی 8/12/2015 ی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە، داوای دانا گاز و کرێسێنت لەسەر ١١ ملیار دۆلار زیان کە بەریانکەوتووە، هیچ بنەمایەکی نیەوە هەمووی خەون خەیاڵە.

لەکۆتاییدا بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە داواکارییەکەی بۆ وەرگرتنی قەرەبووی ئەو زیانانەی کە بە هۆی داواکارانەوە پێیکەوتووە.

 

هونه‌ر بانه‌گوڵانی