پلانێكی داعش بۆ سەر پێشمەرگە ئاشكرا دەبێت

01/07/2016 - 08:44 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی
كۆمپیوتەری یەكێك لەخۆكوژەكانی سەر بەداعش ئاشكرای دەكات كە چەكدارانی ئەو رێكخراوە هەوڵیانداوە پەلاماری پێشمەرگە بدەن لەناو خاكی توركیادا لەوكاتەی بەڕێگەوەبوون بەرەو كۆبانی لەرۆژئاوای كوردستان، بەڵام هەوڵەكەیان سەركەوتوو نەبووە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی لەمیدیای توركیادا بڵاوكراونەتەوە، لەكۆمپیوتەری (یونس دورمەز) ئەو خۆكوژەی كە لە 19-5-2016 لەكاتی ئۆپراسیۆنی هێزە ئەمنییەكانی توركیادا خۆی تەقاندەوە، نوسراوێك دۆزراوەتەوە كە باسی پیلانێكی داعش دەكات بۆ هێرشكردنە سەر هێزەكانی پێشمەرگە لەكاتی رۆیشتنیاندا بۆ شاری كۆبانێی خۆرئاوای كوردستان لەساڵی 2014 دا.
لە بەڵگەكەدا هاتووە، پێشمەرگە لە رێگەی خاڵی سنوری خاپوورەوە، لەسلۆپی، جزیرە، نسێبین، روهاو پاشان پرسوسەوە خۆیان گەیاندە كۆبانێ، ئەوانەی كە چەكی قورسیان پێبوو لەڕێگەی زەمینی و بەشێكیشیان لەڕێگەی فڕۆكەخانەی روهاوە گەیشتن، نەمانتوانی چاودێری ئەو رێگەیە بكەین، هۆكارەكەشی ئەوەیە كە ئەم رێگەیە لەژێر دەستی پەكەكەو سەربازاندایە، رێگەكە ناوەناوە دادەخرێت پێشتر ئامادەكارییمان بۆ ئەمە كردبوو، لەسەر رێگان نسێبین یاخود پرسوس، 8 بۆمبمان دەچاندو بە كاروانەكەماندا دەتەقاندەوە، بۆ ئەم مەبەستە  سێ برامان راسپارد، ئەم برایانە دەچونە سەر رێگەكەو شەڕیان دەكردو بەنارنجۆك هێرشیان دەكردە سەر ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە پێی دەگەیشتن، بەڵام دواتر كاری دیكەمان هاتەپێش و دەستمان لەچاودێری رێگاكە هەڵگرت.
بەبڕیاری پەرلەمانی كوردستانكاروانی یەكەمی پێشمەرگە كەپێكهاتبوون لە 150 پێشمەرگە لەهێزی پشتیوانی، لەڕۆژی 31-10-2014 لەرێگەی باكووری كوردستانەوە گەیشتنە رۆژئاوای كوردستان، بۆ پشتگیریكردنی یەپەگە لەشەڕی دژی چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لەكۆبانێ، بەشێوەی مانگانە ئاڵۆگۆڕیان پێدەكرا تاوەكو ئازادكردنی تەواوی كۆبانێ، لەڕۆژی 26-1-2016 كۆبانێ بەتەواوی ئازاد كرا.