نوری مالیكی: سەردانی هەولێریش دەكەین و لەگەڵ پارتی و یەكگرتوو و كۆمەڵیش كۆدەبینەوە

19/07/2016 - 00:17 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی


كوردیوـ سلێمانی ـ نیازفاروق
لە پاش كۆبونەوەی لەگەڵ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە شاری سلێمانی (سەرۆكی حیزبی دەعوەی ئیسلامی) لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایدەگەیەنێت شاری هەولێریش بەشێكە لە عێراق و هەرێم و لەكاتێكی تایبەتدا سەردانی دەكەین ولەگەڵ پارتی و یەكگرتوو و كۆمەڵیشدا كۆدەبینەوە.


نوری مالیكی ، سەرۆكی حیزبی دەعوەی ئیسلامی ئێوارەی ئەمڕۆ بە یاوەری شاندیكی حیزبەكەی و فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا گەیشتە شاری سلێمانی و لەپاش سەردانكردنی هەریەكەلە (جەلال تاڵەبانی ) سكرتێری گشتی یەكێتی و (نەوشیروان مستەفا) ڕێكخەری گشتی گۆڕان و لەپاش كۆبونەوەی لەگەڵ مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانی بۆ سازكرا.
سەرۆكی حیزبی دەعوەی ئیسلامی لە كۆنفرانسە هەواڵیەكەدا لەگەڵ (مەلابەختیار) كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنوسانی دایەوە و باسی لە ئامانجی سەرەكی سەردانەكەی بۆ سلێمانی كرد و بڕیاریشە سەردانی پارێزگای هەڵەبجەش بكات.


نوری مالیكی،بەو پێیەی كە لە ماوەی دووخولی ڕابردودا پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵی بەدەستەوەبوو بۆیە بڕینی بەشە بودجەی هەرێم زۆرترینی ئەو پرسیارانەی داگیركرد كە لەلایەن ڕۆژنامەنوسانەوە ئاڕاستەی كرا بەڵام لە وەڵامیاندا مالیكی هۆكارەكەی بۆ كێشەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم گێڕایەوە و هیوای خواست بە كۆبونەوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و گەڕانەوە بۆ دەستور ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت.


هەر لە كۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەكەدا سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق وتیشی" هەولێر بەشێكە لە هەرێم و عێراقیش و لە كاتێكی تایبەتدا سەردانی دەكات و سەردانی پارتی و یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵیش دەكات.