ئەمینداری گشتی یەكگرتوو پێشوازی لە باڵیۆزی یابان دەكات

20/07/2016 - 18:36 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

كوردیو –سلێمانی
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوار شەممە (20/7/2016) لە نوسینگەی خۆی لە شاری سلێمانی، مامۆستا (سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین) ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، بە ئامادەبوونی بەڕێزان (د.عومەر محەمەد) بەرپرسی نوسینگەی سلێمانی ئەنجومەنی جێبەجێكردن و، (ئەبوبەكر هەڵەدنی) سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لەپەرلەمانی كوردستان و، ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتی یەكگرتوو، پێشوازی كرد لە (فۆم یۆ) باڵیۆزی یابان لە عێراق و، باڵیۆز (بەكر ئەحمەد عەزیز) بەرپرسی كیشوەری ئاسیا و ئوسترالیا لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق و وەفدێكی یاوەریان، سەرەتا وەفدی ناوبراو پیرۆزباییان ئاراستەی مامۆستا سەلاحەدین كرد بە بۆنەی هەڵبژاردنی بە ئەمینداری گشتی یەكگرتوو، پاشان گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی سیاسی عیراق و هەرێم و ناوچەكە كرا.
ئەمینداری گشتی یەكگرتوو ڕۆڵی وڵاَتی یابانی لە هاوكاری كردنی گەلانی عێراق و هەرێمی كوردستان بەرز نرخاند و هیوای بەردەوامبوون و زیادكردنی هاوكارییەكانی بۆ گەلانی عێراق بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لەباڵیۆزی یابان خواست و، ڕایگەیاند: لە ئێستادا هەرێمی كوردستان ڕوبەرووی قەیرانی دارایی بووەتەوە و ئەمەش لە هەركات زیاتر پێویستی بە هاوكارییە.
هەروەك وفدی میوان ڕۆڵی یەكگرتوویان لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق و ناوچەكەو هەرێمی كوردستان بەگرنگ وەسفكرد و، هیواشیان خواست بەردەوام بێت لەو ڕۆڵە ئاشتیخواز و ئیجابیەی كە هەیەتی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم .
جێگەی ئاماژە بۆكردنە باڵیۆزی یابان لە سەردانەكەیدا بۆ هەرێمی كوردستان چاوی كەوتووە بەژمارەیەك كەسایەتی و بەرپرسی هەرێمی كوردستان و، بەپێویستیشی زانیوە سەردانی ئەمینداری گشتی یەكگرتوو بكات .

أ.س