مەسعود بارزانی: بەهیچ شێوەیەك قابیلی قبوڵ نیە

25/07/2016 - 17:49 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی
كوردیو - هەولێر
 
مەسعود بارزانی لەسەر بانگهێشت نەكردنی كورد بۆ كۆنفرانسی تایبەت بە داعش لە واشنتۆن گلەیی لە وەزیری بەرگری عێراق و لایەنی میوانداری كۆنفڕانسەكە دەكات لەوەی كورد بانگهێشت نەكراوەو دەڵێت: بە هیچ شێوەیەك قابلی قبول نییە .
 
مەسعود بارزانی لە پەیامێكیدا كە لە لاپەرەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوی كردۆتەوە لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوەكردووە: بانگهێشتنەكردنی كورد لە كۆنفرانسی تایبەت بە داعش لە واشنتۆن بە هیچ شێوەیەك قابلی قبول نییە و لەگەڵ ڕۆڵ و پێگە و قوربانیدانی گەلەكەمان ناگونجێت و بۆ چارەسەركردنی گرفتی لەمشێوەیە پێویستیمان بە سەروەرییە و دەبێ خاوەنی بڕیاری خۆمان بین.
 
 
دەقی پەیامەكە:
 
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان
گەلی كوردستان لە شەڕی تیرۆریستانی داعش باجێكی گەورەی مرۆیی و ئابووری دا. پێشمەرگە بە قوربانیدانی خۆی ئەفسانەی داعشی شكاند و هێزی سەرەكیی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرە لە ناوچەكەدا.
 
كەچی لە كۆنفڕانسی وڵاتانی هاوپەیمانی دژی داعش لە واشنتۆن وەزیری دەرەوەی عێراق ڕێگری كرد لەوەی شاندی هەرێمی كوردستان بەشداری كۆنفڕانسەكە بێت كە لایەنی سەرەكیی شەڕی دژی داعشە.
 
بەداخەوە لایەنی میوانداری كۆنفڕانسەكەش خواستی وەزیری جێبەجێ كرد.
 
ئەو نموونە و زۆر نموونەی تر دەردەخات كە ماف و قوربانیدانی گەلی كوردستان دەكرێ زۆر بە ئاسانی پشتگوێ بخرێ و مامەڵەی نابەجێی لەگەڵدا بكرێت و بە بڕیار و میزاجی خەڵكی تر ببەسترێتەوە.
 
ئەمەیان بە هیچ شێوەیەك قابلی قبول نییە و لەگەڵ ڕۆڵ و پێگە و قوربانیدانی گەلەكەمان ناگونجێت و بۆ چارەسەركردنی گرفتی لەمشێوەیە پێویستیمان بە سەروەرییە و دەبێ خاوەنی بڕیاری خۆمان بین.
 
دوای ئەو هەموو نەهامەتی و قوربانیدانە، ئێستا لەبەردەم دوو ڕێگەداین، یان ئەو واقعە قبوڵ بكەین كە خەڵكی تر هەركات ویستیان كێشەمان بۆ دروست بكات و بڕیار لە چارەنووسمان بدات و بە پاشكۆیی بمێنینەوە، یان بەیەكەوە بڕیارێكی هاوبەش بدەین و بەرەو سەروەری و سەربەخۆیی هەنگاو بنێن. پشت بە خوا و ئیرادەی گەلی كوردستان لە ئاییندەیەكی نزیك دەردەكەوێ كە كێ پاشكۆیی دەوێت و كێ سەرەوەریی هەڵدەبژێرێت.
 
 
 
 
سكاڵا خالید