تەقە لە بارەگای پارتی دەكرێت و تەقەكەرەكانیش دەستگیردەكرێن

25/07/2016 - 18:38 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

كوردیو - هەولر
 
جارێكیتر تەقە لە بارەگای پارتی دەكرێت ، بەڵام ئەمجارەیان لە شاری كەركوكەو لەهەڵمەتێكیشدا تەقەكەرەكانیش دەستگیردەكرێن .
 
ئاسایشى كه‌ركووك وێنه‌ى دوو ته‌قه‌كه‌رى به‌رده‌م ناوچه‌ى 4ـى سه‌ر به‌ لقى 3ـى پارتی له‌ كه‌ركوك بڵاو كرده‌وه‌ و ڕایده‌گه‌یێنێت هه‌ردوو ته‌قه‌كه‌ره‌كه‌ له‌ به‌رێوبه‌رایه‌تیه‌كه‌یان له‌ژێر لێكۆلینه‌وه‌دان و تاوانبارى سێیه‌میش ناو و ناونیشان و ته‌واوى زانیاریان له‌باره‌وه‌ له ‌لایه .
 
نه‌قیب فه‌رهاد حه‌مه‌عه‌لى، به‌ڕێوەبه‌رى ڕاگه‌یاندنى ئاسایشى كه‌ركوك به‌ ماڵپه‌رى فەرمی پارتی ڕاگەیاندووە: كاتژمێر 12و نیوی شەوی رابردوو چه‌ند چه‌كدارێك ته‌قه‌یان له باره‌گاى ناوچه‌ى (4)ـى سه‌ر به لقى (3)ـى پارتى كرد له‌ گه‌ڕه‌كى ئازادى شارى كه‌ركووك؛ دواتر هێزه‌كانمان به هاوكارى ده‌زگا ئه‌منییه‌كانى كه‌ركووك توانییان له‌ هه‌ڵمه‌تیكدا دوو ته‌قه‌كه‌ر ده‌ستگیر بكه‌ن، یەکێکیان ناوی (ر.خ.ت) ـە و، ئەوەکەی تریان (هـ.ا.ع).
 
وتویەتیشی: "هه‌ر له‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا توانیمان ده‌ست بگرین به‌سه‌ر ئوتومبێلێكى (بی‌ئێم)ـی ژماره‌ (43696/ كه‌ركووك)ـدا و، دوو پارچه‌ چه‌كى كلاشینكۆفیشمان پێیانەوە گرتووە .
 
ئاماژە بەوەش كراوە كە تاوانبارى سێیه‌م ده‌ستگیر نه‌كراوه‌، بەڵام ناو و ناونیشانیان دۆزیوەتەوە .
 
بەرپرسەكەی ئاسایش ئەوەشی خستۆتەڕوو: "ئێستا ئه‌و ته‌قه‌كه‌رانه له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاسایشدانە و لێیان دەکۆڵینەوە؛ هه‌موو لایه‌كیشی لێ ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌."
 
جێی باسە نە بەرپرسی ڕاگەیاندنی ئاسایشی كەركوك و نە ماڵپەڕی فەرمی پارتیش ئاماژەیان بە زیانی تەقەكردنەكان نەكردووە .
م. كانی