لەناو هەولێر چەند چەكدارێك لە نەقیبێكی پێشمەرگە دەدەن

27/07/2016 - 19:14 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

كوردیو - هەولێر
 
ئێواره‌ی دوێنێ له‌گه‌ڕه‌كی گه‌لاوێژی شاری هه‌ولێر و له‌ كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ماڵه‌وه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند چه‌كدارێكه‌وه‌ بە ئۆتۆمبێلێكی جۆری BMW له‌نه‌قیبێكی هێزه‌كانی پشتیوانی یه‌ك ده‌درێت و‌‌ دوای تەقەكردن لەیەكتری بریندار دەكرێت و ناوبراویش دەڵێت: كاتێك پۆلیس هاتوون هیچ ئه‌ركێكی خۆیان جێبه‌جێ نەكردووە .
 
نه‌قیب ئه‌سعه‌د خۆشناو، له‌هێزه‌كانی پشتیوانی یه‌كی پێشمه‌رگه‌، به‌ ماڵپەری فەرمی یەكێتی راگه‌یاندووە: دوێنێ له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ ماڵه‌وه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێك كه‌له‌ناو ئۆتۆمبێلێكی بی ئێم ده‌بلیوبوون، هێرشیانكردوه‌ته‌ سه‌رم و به‌ده‌مانچه‌ و بۆكس لێیانداوم و به‌سه‌ختی برینداریان كردوم .
 
وتویەتیشی: شه‌ڕه‌ ته‌قه‌ش له‌نێوانمان دروست بووه‌و ده‌ست به‌جێ هێزه‌كانی پۆلیسم له‌رووداوه‌كه‌ ئاگاداركرده‌وه‌، به‌ڵام دواتر كه‌ هێزه‌كانی پۆلیس هاتن ، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ ئه‌ركێكی خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن، ته‌نها به‌قسه‌یه‌كی ئه‌و چه‌كدارانه‌ كه‌ گوایه‌ له‌به‌رپرسێكه‌وه‌ نزیكن، له‌شوێنی رووداوه‌كه‌ رۆیشتوون، رونیشكرده‌وه‌، 23 بۆ 24 ساڵه‌ پێشمه‌رگه‌م و زیاتر له‌ حه‌وت جار له‌شه‌ڕی داعش برینداربووم و چه‌ند رۆژێك پێش ئه‌م رووداوه‌ له‌به‌ره‌كانی شه‌رِه‌وه‌ گه‌ڕابوومه‌وه‌.
 
نەقیبەكە دەشڵێت: ‌‌‌‌‌‌به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌وه‌ مایه‌ی قه‌بوڵ نییه‌ ، ناكرێت ئه‌و هه‌موو خه‌بات و دڵسۆزیه‌ت به‌رامبه‌ر به‌نیشتمانه‌كه‌ت هه‌بێت و له‌رووداوێكی له‌و شێوه‌یه‌دا كه‌ هه‌وڵی كوشتنت بدرێت، لایه‌نه‌ به‌رپرسیه‌كان به‌تایبه‌ت هێزه‌ ئه‌منیه‌كان هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كیان نه‌بێت .
 
نه‌قیب ئه‌سعه‌د خۆشناو خه‌ڵكی شاری هه‌ولێره‌و خاوه‌ن چوار منداڵه‌و 24 ساڵه‌ له‌ریزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌دایه‌، له‌به‌رامبه‌ر كه‌مته‌رخه‌می هێزه‌ ئه‌منیه‌كانیش ، ئه‌و نه‌قیبه‌ی پێشمه‌رگه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ له‌پۆسته‌كه‌ی ده‌كات .
 
 
م. كانی