رونكردنەوەیەكی گرنگ لە هاتووچۆی سلێمانیەوە

14/08/2016 - 13:07 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی رونكردنەوەیەك بۆ رای گشتی بڵاودەكاتەوە و ئاماژە بە چەند خاڵێك دەكات لەبارەی بڕی سەزا و رسومات و سەرپێچییەكان، ئەمەش دەقی رونكردنەوەكەیە:-

زۆر بە گرنگی دەزانین ئەم روونكردنەوەیە بخەینەبەر چاوی هەموو شۆفێران بەتایبەتی و بەگشتی هەموو هاوڵاتیانی بەڕێزی شاری سلێمانی و دەروبەریەوە.
لەماوەی رابردوودا و بەتایبەتی زیاتر لەساڵێكە تێبینی تەواومان خستۆتە سەر راو سەرنج و رەخنە و بۆچوونی میدیاكان و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بەهەموو جۆرە رەخنەیەكیەوە تەنانەت بە تەشهیرەكانیشیەوە لەسەر میكانیزمی كاری هاتوچۆیمان.
وە سەرجەم یاخود زۆرینەی سەرنجەكان دەكرێت لەم خاڵانە دەستنیشان بكەین:
1- بڕی (غەرامات) و (رسومات) ی هاتوچۆ بەشێوەیەكی قورس و بەرچاو ڕووی لە هەڵكشان كردووە.
* ئێمە وەك هاتوچۆی سلێمانی سەرنجمان هەیە لەسەر زیادكردنی بڕی رسومات و غەرامات، بەڵام ئەمە هەنگاوێكە سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم ناویەتی بەمەبەستی چارەسەركردنی گرفتی موچەی فەرمانبەرانەوە وە نە هاتوچۆی سلێمانی و نە هیچ هاتوچۆیەكی دیكەی ناو هەرێم دەستی لەو زیادكردنە نیە واتا هاتوچۆكان دەزگایەكی جێبەجێ‌ كارن نەك بڕیاردەر و داڕێژەری ئەم بڕیارانە.
2- بڕی داهات و خەرجی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ چەندەوە لە چیا خەرج دەكرێت.
*هاتوچۆی سلێمانی لەروانگەی بڕوای تەواومان بە‌ پەیڕەوكردنی شەفافییەت لە كارەكانمان ساڵی دووجار گۆنگرەی رۆژنامەوانی دەكەین و لەمانگی (6 – 12) واتا ناوەڕاست و كۆتایی ساڵ و تیایدا بە ئامادەبوونی سەرجەم دام و دەزگاكانی راگەیاندن ئاماری كار و چالاكی و ڕێژەی رووداو و قوربانیانی هاتوچۆ و داهات و خەرجی هاتوچۆی سلێمانی زۆر بەڕوونی دەخەینەڕوو بۆ میدیا و رای گشتی بێ‌ هیچ تەحەفوزێك.
3- بارودۆخی شەقام و گۆرەپان و ناوگەڕەكەكانی شاری سلێمانی و دەوروبەری لەڕووی شیاوی و گونجاو بۆ بواری هاتوچۆی هاوڵاتیان لە چ دۆخێكە.
*هەر كەم كورتییەك و پێویستی نۆژەنكردنەوەیەك بەسەر شەقام و گۆرەپانەكان زۆر بە ئاشكرایی دەیڵێین كە كاری هاتوچۆی سلێمانی نیه، وەكاری سەرۆكایەتی شارەوانییەكانە ، وە ئەوەش مانای ئەوە ناگەیەنێت كە سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی بە ئەركی خۆی هەڵنەستاوە وە بێگومان ئەوانیش لەكاتی ئێستادا كۆسپ و گرفتی قەیرانی دارایی ڕەنگدانەوەی هەبووە لەسەر كارەكانیان.

4- هاتوچۆی سلێمانی زۆر ئیجرائات دەكات و سەرپێچیكاران سزا دەدات.
*ئێمە شانازی دەكەین بەم لایەنەوە و ئەمە پێویستە جێی تەقدیری هاوڵاتییان بێت لەبەر دوو هۆكار:
أ: ئێمە بەكاری خۆمان هەڵدەستین وە ئەمەش بەڵگەی دڵسۆزیمانە و وە لەڕێگەی بڵندگۆو ڕێنمایی كردنی پێویست، ئەفسەران و كارمەندانمان شۆفێران ئاگادار دەكەنەوە پاشان سزا (غەرامە)یان بۆ دەكەین لەهەندێك شوێن كە شیاو بێت بۆ ئاگاداركردنەوە.
ب: ئێمە لە سۆنگەی پەرۆشیمان بۆ سەلامەتی گشتی و پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتییان لە ڕووداوەكانی هاتوچۆ بە پێویستی دەزانین یاساو ڕێنماییەكانی هاتوچۆ جێبەجێ بكەین وە پێویستە هەموان بزانن كەلەهەر قۆناغێك هاتوچۆ دەست شل بكات و خاوبوونەوە بە كارەكانییەوە دیاربێت ئەوا گرفتەكانی هاتوچۆ زیادی كردووە و لەوەش خراپتر و مەترسیدارتریش زیادبوونی ڕێژەی ڕووداو و برینداریی و گیان لەدەستدانی هاوڵاتییانی لێ كەوتۆتەوە.

5- بارودۆخی رێگاوبانەكانی دەرەوەی شار و شارۆچكەكان لەئاستێكی خراپە لەكاتی بوونی ئەو هەموو غەرامات و رسوماتە هاتوچۆیانە؟
* ئێمەش درك بە كەموكورتییەكانی ڕێگاوبانەكانی دەرەوەی شار دەكەین وە خوازیارین چاكسازییان تیا بكرێت وە بێ گومان ئەمەش كاری هاتوچۆنییە بەڵكو كاری بەڕێوەبەرایەتی ڕێگاوبانەكانە وە باوەڕمان وایە خراپی ڕێگاوبان یەكێكە لە هۆكارەكانی ڕووداوی هاتوچۆ، وە بەپێی كەشف و هێڵكاری ڕووداوەكانی هاتوچۆ سەرجەم لایەنە سلبییەكان لەبەرچاو دەگرین و ئاگاداری لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین بەپێویستی چارەسەكردنی كەموكورتییەكان.
6- هاتوچۆی سلێمانی رەچاوی بارودۆخی ئابوری و دەرامەتی تاكەكانی سنوری جوگرافی خۆی ناكات و سزای خەڵكی دەدات.
* لە وەڵامدا دەڵێین كە هاتوچۆی سلێمانی هۆكار نییە بۆ خراپی بارودۆخی دارایی هاوڵاتییان و كەم دەرامەتییان تاكو ڕەچاوی بكات، ئێمە تەنها ئەركی یاسایی سەرشانمان جێبەجێ كردووە وە تەنها لێپرسینەوە لەكەسی سەرپێچیكار دەكەین وە ڕۆژانە دەیەها هەزار شۆفێریش هەیە كەلەبەر پابەندبوونیان بەیاساو ڕێنماییەكانی هاتوچۆوە نە ئێمەو نەهیچ كەسێكیش توانای سزادانیانی نییە لە خۆڕا. بێ گومان هەموو لێپرسینەوەكانیشمان لە بەرژەوەندی گشتییە و لەهەموو دونیاش وایە كە مرۆڤە سەرپێچیكارەكان و شكێنەرانی یاسا لێپرسینەوەی یاساییان پێ خۆش نییە، هەرچەندە لە دیدی ئێمە مەرج نییە هەموو سەرپێچییەكی هاتوچۆیی بەمەبەست و بەدەستی ئەنقەست ئەنجام بدرێت ڕەنگە نەبوونی هێما یاخوود هێڵكاری شەقامەكان یان هەڵەی ئەندازەیی یاخود نەگەیاندنی پەیامی هاتوچۆ وەك پێویست بۆ هاوڵاتییان هۆكاربێت بۆ سەرپێچی كردن.
7- خودی بارەگای هاتوچۆی سلێمانی زۆر كەم و كورتی تێدایە و هەژاری زۆری پێوە دیارە و تەنانەت شوێنێكی شایستە نیە بۆ راگرتنی ئوتومبێلی هاوڵاتیان.
سەبارەت بەخاڵی حەوتەم: بۆ زانیاری ڕای گشتی كە تاكو ئێستایشی لەسەربێت و بەشێوەیەكی فەرمی ئێمە ئەم بینایەمان وەرنەگرتووە، تەنها لەبەر بوونی كەموكورتی و نەشیاوی، نە بۆئێمە و نەبۆ هاوڵاتییانیش و و چەندین نووسراو و بەڵگەمان لەلایە و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانمان لێ ئاگادار كردۆتەوە و وێڕای كۆژانی خودی ئەفسەران و ڕێپێدراو و كارمەندانمان لەناو بارەگای بەڕێوەبەرایەتیمان دڵیشمان ژان دەكات بەو واقیعە تاڵەی هاوڵاتییانداین و چاوەڕێی چارەسەر دەكەین و هەموو تواناو دەسەڵاتەكانیشمان خستۆتە گەڕ لەپێناو چارەسەركردنی گرفتەكان.
ئێمە وەك هاتوچۆی سلێمانی و بەڕاشكاوی دەیڵێین جیاواز لە سەرجەم هاتوچۆكانی ناو هەرێم لەڕێی كەناڵەكانی ڕاگەیاندن و ماڵپەڕی هاتوچۆی سلێمانی زیاترین زانیاری و ئاگاداری بڵاو دەكەینەوە كە زۆرینەی جار بەتەشهیر و تەنانەت هەندێك جار بە قسەی زۆر نابەجێ وەڵاممان دراوەتەوە. ئێمە لەبەر پەرۆشیمان بۆ هاوڵاتیان و لەبەر دووری بارەگامان لە شاری سلێمانی و لە خەمی ئەوەی نەبا هاوڵاتییەك بەكەموكورتی ئامادەبێت لەڕووی بەڵگەنامەو تەنانەت بڕی پارەی پیویست بۆ غەرامات و ڕسومات و ئەو قسەیە یاخود ئەو گلەییە نەكرێت كە بۆچی ئاگادارمان ناكەن، ئێمە بەشێوەیەكی بەردەوام و ئەو ئاگاداری و ڕوونكردنەوانە دەخەینە بەردەم هاوڵاتییان كەچی زۆرجار بە داخەوە لە پەرۆشیمان تێ ناگەن، خۆ بەڕێوەبەرایەتیمان دەتوانین هیچ نەڵیت و خوانەكردە چش بكەین لەحاڵی هاوڵاتییان، بەڵام ئەمە قەناعەت و بڕوامان نییە لەشێوازی كاركردنمان بۆیە ئەمانەمان كردووە.
وە ئەو هێرشە ناڕەوایە پشت ساردمان ناكاتەوە لە خزمەتكردنی دانیشتوانی بەشەرەفی پارێزگای سلێمانی و دەوروبەرییەوە وە باش لەوە تێگەشتووین كە دارێك بەردار نەبێت كەس بەردی تێ ناگرێت.
لەكۆتاییشدا ئێمە سوپاسگوزاری سەرجەم هاوڵاتییانی بەڕێز و خۆشەویستین بەڕازی ناڕازییەكانەوە تەنها داوای تێگەیشتنتان لێ دەكەین لە سروشتی كارمان و داوا لە حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانیش دەكەین كە مافە ڕەواكانی هاوڵاتییان لە بواری هاتوچۆدا فەراهەم بكەن و سڵ ناكاینەوە لە داواكردنی لێبووردن لەسەرجەم هاوڵاتییان لە بونی كەم و كورتییەكان ئەگەر هەبووبێت كە بێ گومان جێبەجێكەرانی یاسا مرۆڤن و مرۆڤەكان قابیلی هەڵەكردنن و داوا لە سەرجەم دام و دەزگاكانی ڕاگەیاندن دەكەین كە ببن بە چاودێرێك بەسەر كارەكانمان و بەئاگامان بێننەوە ئەگەر كەم و كورتی یان هەڵەیەكمان كردبێت.