گرژی و ئاڵۆزی لە خورماتوو سەرهەڵدەداتەوە

15/08/2016 - 13:34 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

دوای ماوەیەك هێمنی لە شارەكە خەریكە جارێكتر گرژی و ئاڵۆزی لە خورماتوو سەرهەڵدەداتەوە و بەرپرسانی ئیداری شارەكەش حەشدى شەعبی بە پێشێلكردنی بەندەکانى ڕێککەوتننامەكە تۆمەتبار دەكەن.

ئەمڕۆ  (15ی ئابی 2016) حەسەن بارام جێگرى بەرپرسی مەڵبەندى یەکێـتى لە خورماتوو ڕایگەیاند: هاوڵاتییەکى کوردى خوورماتوو لە لایەن هێزەکانى حەشدى شەعبییەوە فڕێندرا و تا ئێستاش نازاندرێت بۆ کوێ براوە، لەلایەكی تریشەوە هەر ئەمڕۆ حەشدى شەعبی ئۆتۆمبێلى هاوڵاتیەکى کوردیان فڕاندووە، ئەم کارەى حەشدى شەعبی پێشێلکردنى ڕوونى بەندەکانى ڕێککەوتنى نێوان پێشمەرگە و حەشدى شەعبییە لە شارەکە.
جێگرى بەرپرسی مەڵبەندى یەکێـتى ڕاشیگەیاند: ئەمەش لە کاتێکدایە لە ماوەى ڕابردوودا چەند جارێک شەڕ و ئاڵۆزى لە نێوان هێزەکانى پێشمەرگە و حەشدى شەعبیدا لە خورماتوو ڕوویدا و دواتر هەردوولا ڕێککەوتنێکیان لە نێوان خۆیان واژۆکرد و کۆتای بە شەڕەکە هات.
شایەنی باسە هەفتەی ڕابردوو بەرپرسانى کارگێرى شارەکە ڕایانگەیاند: حەشدى شەعبی بەندەکانى ڕێککەوتننامەکەى پێشێلکردووە و هێزەکانى خۆى نەبردووەتە دەرەوەى شار وەک ئەوەى لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە.

ش.م