سەرۆكی پارتی باس لە قەیرانی سیاسی و گەندەڵی دەكاتەوە

15/08/2016 - 17:26 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

كوردیو - هەولێر

لەیادی دامەزراندنی حیزبەكەیدا ، سەرۆكی پارتی ڕایگەیاند: كۆتایی بە قەیرانی سیاسی بهێندرێت لەلایەن هێزە سیاسیەكانەوەو داواش لە هەموو ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەكات ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بە ئەركی خۆیان بزانن .
 
مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی لە پەیامەكەیدا دەڵێت: بە ڕەچاوكردنی بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان و هەستیاریی دۆخەكە و ئەو دەرفەت و تەحەدیاتەی لەبەردەم گەلی كوردستانن، پارتی دیموكراتی كوردستان هەردەم ئامادەی چارەسەركردنی كێشەكان و گفتوگۆیە و لەوەدا ویست و داواكاری خەڵك بە مەرجەع دەزانێت و پابەندی بەدیهێنانی ئاواتی گەلی كوردستان و سەروەری و سەربەخۆییە .
 
سەرۆكی پارتی دەشڵێت: یادی حەفتاساڵەی دامەزراندنی پارتی بە دەرفەت دەزانم خەڵكی كوردستان لەوە دڵنیا بكەمەوە كە بە هەموو توانایەك جەخت لە پیادەكردنی مافی دیاریكردنی چارەنووسی گەلی كوردستان و سەربەخۆییەكەی دەكەینەوە، بۆ ئەوەی كوردستان بتوانێ خۆی بپارێزێ و لە نەهامەتییەكان ڕزگاری بێت و پێ بنێتە ناو بووژانەوە و پێشكەوتن ئەوە جگە لە سەربەخۆیی هیچ ڕێگەیەكی تری لەبەردەمدا نییە .
 
سەرۆكی پارتی نوسیویەتیشی: لەبارەی ئەو دەستپێشخەرییەی بۆ كۆتایهێنان بە قەیرانی سیاسی لە ئارادایە هیوادارم لایەنەكان بە پارتی دیموكراتی كوردستانیشەوە هەستیاریی قۆناغەكە لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەكدا ببینن و كار بۆ سەرخستنی دەستپێشخەرییەكە بكەن و كۆتایی بە قەیرانەكە بهێنرێت و هەموو لایەك لە ئاست بەرپرسیارێتیی مێژوویی و داواكارییەكانی گەل بن.
 
سەرۆكی پارتی دەشڵێت: بە پێویستی دەزانم سوپاسی خەڵكی كوردستان و جەماوەری پارتی بكەم كە خۆڕاگرانە تەحەمولی كێشەكانیان كردووە و لە شەڕی تیرۆریستاندا بە گیان و بە ماڵیان پاڵپشتی پێشمەرگە قارەمانەكان بوونە و ڕۆڵی كاریگەریان لە بەرگری و پاراستنی دەستكەوتەكان هەبووە. داوایش لە هەموو ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەكەم لەپێناو سەرخستنی كوردستان ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بە ئەركی خۆیان بزانن و پشت بە خوای گەورە ئەو چاكسازییەی لەناو پارتی ماوەیەكە دەستی پێكردووە ئەنجامی دڵخۆشكەری دەبێت و دەكەوێتە خزمەت بەرژەوەندیی گەلی كوردستان .
 
م. كانی