مەلا بەختیار هۆشداری دەدات لە بۆنێكی مەترسیداری نێودەوڵەتی‌ لەسەر كورد

15/08/2016 - 17:44 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

كوردیو - محمد عمر كانی
مەلا بەختیار هۆشداری دەدات لەوەی ترازانی زیاتر ڕووبدات لەنێوان حیزبەكانی هەرێمی كوردستان و دەڵێت: هەمو هێزە كوردستانیەكان لەنێوخۆماندا، لێكترازاوین و ئاماژەش بەوەدەكات: بۆنی مەترسیش لە سیاسەتی نێودەوڵەتی‌و دەوروبەریش، بەرزبۆتەوە .
 
مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە وتارێكیدا بەناونیشانی (سازانی وڵاتان‌و.. ترازانی هێزە كوردستانیەكان) ئەوەی خستۆتەڕوو: بەكوردی‌و بەكورتی، هەمو هێزە كوردستانیەكان لەنێوخۆماندا، لێكترازاوین. هێزەكانی هیچ بەشێكی كوردستان، رێكەوتنێكی ستراتیژی، یان پەیوەندییەكی تۆكمە لەنیوانیاندا نیە. ئەمەش دەردی دێرینی كوردە، وا بوو بە دەردە مۆدێرنەی كوردیش! .
 
مەلا بەختیار دەڵێت: ئەگەر ساڵانی لەمەوبەر، بەحوكمی قوڵبونی كێشەكانی دەوڵەتانی دەوروبەر، یان تێكچونی باری ئاساییشی ناوچەكە، یاوەكو شەڕوشۆڕی داعش‌و هێزە سەلەفیەكان، كێشە ناوخۆییەكانی هێزە كوردستانیەكانی داپۆشیبێ‌، بەڵام ئەو دۆخە خەریكە كۆتاییدێت‌و بۆنی مەترسیش لە سیاسەتی نێودەوڵەتی‌و دەوروبەریش، بەرزبۆتەوە. ئێستا ئەركی سەركردایەتی سیاسییە، سەرەتای رووداوەكان، قوڵ هەڵبسەنگێنێ‌‌و بەرەنجامی بابەتیش بۆ بڕیاری بەرپرسیارانە هەڵبهێنجێ‌. ئەگینا كە كار لەكار ترازا، هیچ پەشیمانییەك دادمان نادا.
 
دەشڵێت: هەرچی چۆنێك ئاوڕ لە رێكەوتنە نێودەوڵەتی‌و ئیقلیمیەكان بدرێتەوە، بەزەقیی دیارە، كە كورد كراوەتە قوربانی رێكەوتنەكان، كەموزۆریش سەردارو سەركردایەتیە سیاسیەكان، بڕیارو بەرنامەیان، بۆ روبەروبونەوەی ئەگەرو مەترسیەكانی هیچ رێكەوتنێك لەرابردوودا، نەبووە. كە رێكەوتنەكان مۆر كراون، سەپێنراون‌و لەكوردیش قەوماوە. ئیتر دوای قەومانیش، بەپاساوی جۆراوجۆر، لاپەڕەكانی مێژوو پڕكراونەتەوە.
 
مەلا بەختیار نمونەی چەند ڕێككەوتنێكی هێناوەتەوەو دەپرسێت: ئاخۆ كێشە ناوخۆییەكانی باشوری كوردستان، لەنێوان هێزە سیاسیەكاندا، بەتایبەتی لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و بزوتنەوەی گۆڕاندا، لە چ بارێكەوە: سیاسی، ئایدیۆلۆژی، ئاینی‌و مەزهەبی، نەتەوەیی‌و نیشتمانیی، قوڵترە لەو كێشانەی لەنێوان توركیاو هەموو ئەو وڵاتانەدا هەبوو؟! بێگومان، لە هیچ كێشەیەكدا.
كێشەی نێوان پارتی‌و گۆڕان، سیاسی‌و یاساییە. لەنێوان پارتی‌و یەكێتی‌و گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتوی ئیسلامیش، یاسایی‌و سیاسی‌و چۆنێتی حوكمڕانی نادادپەروەرانەیە.
 
ئاماژەی بەوەش كردووە: كاتێك وردی تەواوی ئەو كێشانە دەبینەوە، سەیر دەكەین، لەسەر جومگە بەجومگەی ئەو كێشانە، گفتوگۆ لەنێوان پارتی‌و هەموو لایەنەكان، كراوەو لە هیچ جومگەیەكی ئەو گفتوگۆیانەشدا، وەكو گفتوگۆ نەگەیشتوینەتە بنبەست. تەنها لە دوو جومگەدا، ئاڵۆزاوە:
 
- یەكەمیان: چۆنێتی یەكاڵاكردنەوەی دەسەڵاتە یاساییەكانی سەرۆكی هەرێم‌و جێكردنەوەیەتی لەناو پرۆژە دەستوری كوردستاندا.
 
- دووەمیان: كاراكردنەوەی پەرلەمان‌و حكومەتی هەرێمی كوردستانە، دوای ئەوەی پارتی سەرۆكی پەرلەمان‌و پشكە وەزیری بزوتنەوەی گۆڕانی، وەدەرنا.
 
لێپرسراوی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەشنوسێت: دوای ساڵێك لەو بڕیارەی پارتی سەبارەت بە سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و پشكە وەزارەتی گۆڕان، كە هەر چوار لایەنە سەرەكیەكەی كوردستان (یەكێتی، گۆڕان، یەكگرتو، كۆمەڵ) رەتیانكردەوە، دەركەوت هەتا نەتوانین لەسەر چۆنێتی چارەسەركردنی كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم‌و سەرۆكایەتی پەرلەمان رێكبكەوین، نە دۆخی سیاسی‌و نە دۆخی ئابوری‌و نە دۆخی یاسایی كوردستان، لەم بنبەستە دەرناكرێت .
 
ئەوەشی خستۆتەڕوو: دەركەوت، دەبێ‌ هەموو لایەنەكان، بە پارتیشەوە، هەتا هەڵبژاردنی (مانگی 9ی 2017) بیر لە چارەسەری گونجاو بكەینەوە. تاقیكردنەوەكان لەساڵی رابردوودا سەلماندیان، كە جگە لە سازان، رێگای ترمان لەبەردەمدا نییە. بۆ سازانیش، ئەوپەڕەكەی تا بەهاری ساڵی ئایندە، مێژوو بوارمان دەدات. ئەگەرنا، بێگومان دوای تیكشكانی داعش‌و رزگاركردنی موسڵ لە عێراق‌و رەققە لە سوریا، هەروەها دوای رێكەوتنی توركیاو سوریاو عێراق، دۆخی ناوچەكەو رۆژئاوای كوردستان‌و باكوری كوردستان‌و ناوچە كێشە لەسەرەكانی باشوری كوردستان، لە بەرژەوەندی كێشەی ستراتیژی نەتەوەی كوردا لەرۆژهەڵاتی ناوەراست، وەكو ئێستا نامێنێت. یان خراپتر دەبێت، یان هەلەكان بۆ قۆستنەوەی سەركەوتنی باشتر، لەدەستدەچن.
 
دەڵێت: دەپرسین:
- دوای تێكشكاندنی داعش‌و رزگاركردنی موسڵ‌و رەققە، چۆن دەتوانین باسی ریفراندۆم بكەین؟
- چۆن دەتوانین ناوچە كێشەلەسەرەكانی باشوری كوردستان بخەینەوە سەر كوردستان؟
- چۆن دەتوانین دەستەبەری فیدراڵ یان ئۆتۆنۆمیش لەرۆژئاوای كوردستان بكەین؟
- چۆن هەدەپە دەتوانێت وەكو ساڵی 2015 لەخەباتی مەدەنی‌و پەرلەمانیدا، سەركەوتنی بەرچاو بەدەستبهێنێت؟
 
م. كانی