لەسنوری هەولێر 405 مین و پارچە تەقەمەنی تەقێندرانەوە

15/08/2016 - 18:31 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

كوردیو - هەولێر
 
بەڕێوبەرایەتی گشتی كاروباری مین لەشاری هەولێر ئاشكرای دەكات دەیان مین و پارچە تەقەمەنی نەتەقاوە لە سنوری هەولێر لەناوبراون .
 
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی بەڕێوبەرایەتی گشتی كاروباری مین لەشاری هەولێر ئەوەهاتووە: تیمی لە ناوبردنی تەقەمەنیە نەتەقاوەكان لەو بەرێوەبەرایەتیە لە چاڵاكیەكیدا هەڵسا بە لە ناوبردنی زیاتر لە (405)، مین و پارچە تەقەمەنی نەتەقاوە كە مێژووەكەیان دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی بەعسی لە ناوچوو شەڕی عێراق و ئێران .
 
ئەوەش هاتووە: چاڵاكی لە ناوبردنەكە لە چاڵی تەقینەوە لە چیایی بەردەبووك لە سنوری ناحیەی سمیلانی سەر بە قەزای چۆمان بە سەركەوتوویی ئەنجامدرا تێدا زیاتر لە ( 180) مین و زیاتر لە ( 220)، پارچە لە تەقەمەنی نەتەقاوە لە جۆرەكانی گوللـە ( هاوەن، تۆپ، ئاربیجی)، لە ناوبردران .
 
بەڕێوبەرایەتی گشتی كاروباری مین لەشاری هەولێر ئەوەشی خستۆتەڕوو: بێگومان بە لە ناوبردنی ئەو مین و پارچە تەقەمەنیانە وێرایی ئەوەی ژینگەو سروشتی جوانی كوردستان پاكدەكرێتەوەو دەپارێزرێت لە هەمان كاتیشدا هاووڵاتیانیش ژیانیان لە مەترسی ئەو پاشماوە جەنگیانە دەپارێزرێت و هەوڵەكانیش لەم ڕووەوە بەردەوام دەبن .
 
م. كانی