پەرلەمانتارێک: "60 هەزار كەس لە شرگات و گەیارە هەڵاتوون"

17/08/2016 - 12:35 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

 ئەندامێكی  لیژنەی كۆچ و كۆچبەران لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایده‌گه‌یه‌نێت "بەهۆی شەڕو پکدادانەكانی نێوان هێزەكانی عێراق و چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش، تا ئێستا 60 هەزار كەس لە قەزای شرگات باكووری تكریت و ناحیەی گەیارە باشووری مووسڵ هەڵاتوون".

حەنین قەدۆ ئەندامی لیژنەی كۆچ و كۆچبەران لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگه‌یاند : "لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا 60 هەزار كەسی سڤیل لە ناوچەكانی سەربە قەزای شرگات باکووری تکریت و ناحیەی گەیارە باشووری مووسڵ بەهۆی شەڕو پێکدادانەکانی نێوان هێزەكانی عێراق و تیرۆریستانی داعش هەڵاتوون".

ناوبراو  ئاماژەی بەوەیش كرد، هەڵاتووەكانی قەزای شرگات روویان لە خانووە ناتەواوبووەكانی ناحیەی عەلەم باکووری پارێزگای سەڵاحەددین كردووە، ئەوانەی گەیارەیش روویان لە كەمپی ئاوارەكانی دیبەگە لە قەزای مەخموور باشووری رۆژهەڵاتی مووسڵ كردووە.

قه‌دۆ باسی لەوەیش كرد كە هەرچەندە حكوومەتی فیدراڵ پلانی داناوە بۆ هاوكاری و یارمەتیدانی ئاوارەكان بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە، تائێستا پلانەكە جێبەجێ نەكراوە.

لە 10ی حوزەیرانی 2014دا دوای كۆنترۆڵكردنی شاری مووسڵ ناوەندی پارێزگای نەینەوا لەلایەن داعشەوە ، دواتر ناحیەی گەیارە و قەزای شرگات-یان كۆنترۆڵ كرد.

 

 

هونه‌ر بانه‌گوڵانی