یەکێتیی پەیامێک ئاراستەی پارتیی و گۆڕان دەکات

17/08/2016 - 12:56 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان تەئکیددەکاتەوە، بەبێ بزوتنەوەی گۆڕان و لایەنە سیاسییەکانی دیکە، ھیچ ڕێککەوتنێک بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامنادات، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیش لەپەرلەمانی کوردستان جەختدەکاتەوە لەسەرئەوەی، یەکێتیی ڕێککەوتنی سیاسیی لەگەڵ گۆڕان ھەیەو بەگوێرەی مادەو بڕگەکانی ئەو ڕێککەوتنەش کاردەکات.

پێشتر باس لەوەکرا، بڕیارە ئەمڕۆ یان سبەی ھەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبونەوە ئەنجامبدەن، دەنگۆی ئەوەش بڵاوکراوەتەوە، یەکێتیی و پارتی، ڕێککەوتنێکی دووقۆڵی نوێ بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدەدەن، بەڵام کۆبونەوەکەی ئەو دوو حزبە بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە.

لەوبارەیەوە بێگەرد تاڵەبانی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی لەپەرلەمانی کوردستان کە ھاوکات ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حزبەشە لەلێدوانێکی بۆ میدیاكانی یەكێتی ڕایگەیاند، ھیچ ھەوڵێک نییە کە پەرلەمانی کوردستان بەبێ بزوتنەوەی گۆڕان یاخود لایەنەکانی دیکە کارابکرێتەوە.

بێگەرد تاڵەبانی باسی لەوەشکرد، یەکێتیی بەڕێککەوتنی ھەموو لایەنەکان دەیەوێت پەرلەمانی کوردستان کارابکرێتەوە، "پێشتریش لەگەڵ پارتیی بیویستایە پەرلەمان کارابکاتەوە دەیتوانیی, بەڵام یەکێتیی بەردەوام جەخت لەوەدەکاتەوە، دەبێت بەتەوافوقی لایەنە سیاسییەکان پەرلەمان کارابکرێتەوە".

ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتیی ئاماژەی بەڕێکەوتنە سیاسییەکەی گۆڕان و یەکێتیی کردو جەختیکردەوە لەسەرئەوەی، "یەکێتیی ڕێککەوتنی سیاسیی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان ھەیە، ڕون و ئاشکرایە مادەکانی لەچی پێکھاتون، ھەر لەچوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەشدا یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان مامەڵە دەکات".


ڕێبین عەلی