لەبارەی تاقیكردنەوەكانی خولی دووەم، پەروەردە رێنمای نوێ دەردەكات

17/08/2016 - 14:08 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

لەبارەی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمەوە پەروەردەی سلێمانی ئاشكرایدەكات ڕێنمایی نوێ دەرکراوە و ئامێری ژمێرە تەنها لە تاقیکردنەوەی بیرکاریدا بەکاردەهێنرێت.

ئەمڕۆ (١٧ی ئابی ٢٠١٦)، کەمال نوری بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی ڕایگەیاند: لە تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمدا هەمان ڕێنمایی خولی یەکەم بەکاردەهێنرێت، تەنها چەند گۆڕانکارییەکی کەم کراوە کە گرنگترینیان بەکارهێنانی ژمێرەیە (حاسیبە) تەنها لە تاقیکردنەوەی بیرکاریدا، لەکاتێکدا لە خولی یەکەمدا لە فیزیا و کیمیاشدا بەکاردەهات.
کەمال نوری وتیشی: هاوشێوەی خولی یەکەم خوێندکاران خۆیان ژمێرە دەهێنن و دواتر لەلایەن بەڕێوەبەری هۆڵەکانی تاقیکردنەوەوە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بەسەریاندا دابەشدەکرێت.
هەروەها ڕاشیگەیاند: لە سلێمانی ١٩٩ هۆڵی تاقیکردنەوە بۆ ١٢ی ئامادەیی و ١٧٣ هۆڵیش بۆ ٩ی بنەڕەتی ئامادە کراون.
لێدوانەکەی کەمال نوری بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی لەکاتێکدایە ئەمڕۆ ناوبراو لەگەڵ بەڕێوەبەری هۆڵەکانی تاقیکردنەوە لە سلێمانی کۆبوونەوە بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە لە خولی یەکەمی تاقیکردنەوەکاندا ڕووبەڕوویان بۆتەوە.
شایەنی باسە لە (٤/8/ ٢٠١٦) وەزارەتی پەروەردە خشتەی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی پۆلی ٩ و ١٢ی بڵاوکردەوە و بەپێی خشتەکەش تاقیکردنەوەکانی پۆلی ٩ی بنەڕەتی و ١٢ی ئامادەیی ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی ئاب دەستپێدەکەن و تاقیکردنەوەکان هەموو ڕۆژێک ئەنجام دەدرێن و هیچ پشوویەک ناکەوێتە نێوانیانەوە.