یاساناسێك بۆ سەفین دزەیی: باشتروایە واقعیانە لێدوان بدەیت و تێپەرینی ئەو هەڵەیە بەسەرتدا عەیبەیەكی گەورەیە

17/08/2016 - 14:37 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

كوردیوـ سلێمانی
یاساناسێك لەبارەی لێدوانەكەی وتەبێژی حكومەتی هەرێمەوە لەبارەی ئەوەی هەر مامۆستایەك بۆ ماوەی (30) رۆژ دەوام نەكات ئەوا فەسڵ دەكرێت ڕایدەگەیەنێت ناوبراو ئاماژەی بەوە داوە كە ئەوە رێنمایی وەزارەتی داراییە، لە كاتێكدا ئەوە یاسایە و جیاوازی نێوان یاسا و رێنماییش ئاسمان و رێسمانە لەرووی دەسەڵاتی دەركردنی و هەمواركردنەوە و جێبەجێكردنی تێپەرینی ئەو هەڵەیەش بەسەروتەبێژی حكومەتدا عەیبەیەكی گەورەیە.
عەبدولقادر ساڵح یاسا ناس لە پەیجی تایبەتی خۆی لەژێر ناوی خوێندنەوەیەیەكی یاساییانە بۆ لێدوانەكەی وتەبێژی حكومەت لەسەر كۆتایی هێنان بە راژەی فەرمانبەران بە چەند خاڵێك رونكردنەوەی لەسەر لیدوانەكەی سەفین دزەیی داوەو ئاماژەی بەوەداوەلە میانەی لێدوانێكیدا وتە بێژی حكومەتی هەرێم رایگەیاندبوو كە هەر مامۆستایەك بۆ ماوەی (30) رۆژ دەوام نەكات ئەوا فەسڵ دەكرێت، پاشان ناوبراو روونكردنەوەیەكی دیكەی بڵاوكردەوە و هەندێك سەرنجی دیكەی بۆ لێدوانەكەی زیادكرد، لێرەدا بە چەند خاڵێك سەرنجی یاسایی خۆم لە بارەیەوە ئەو لێدوانەوە دەخەمەڕوو:
یەكەم: ئەو ماددەیەی كە وتەبێژی حكومەتی هەرێم ئاماژەی پێداوە یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 2002ی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستانە نەك وەزارەتی دارایی كە لە روونكردنەوەكەیدا وەك رێنمایی وەزارەتی ناوبراو ئاماژەی پێكردووە كە تێپەرینی ئەو هەڵەیە بەسەریدا عەیبەیەكی گەورەیە !!
دووەم: ناوبراو ئاماژەی بەوە داوە كە ئەوە رێنمایی وەزارەتی داراییە، لە كاتێكدا ئەوە یاسایە و جیاوازی نێوان یاسا و رێنماییش ئاسمان و رێسمانە لەرووی دەسەلاتی دەركردنی و و هەمواركردنەوە و جێبەجێكردنی !!
سێهەم: ئەو یاسایە بۆ حاڵەتی ئاساییە نەك بارودۆخێكی ناهەمواری وەك ئێستا كە بە بروای من دەكرێت وەك (الڤروف القاهرە) دەرهەق بە فەرمانبەران سەیر بكرێت و لەم كاتەشدا ناكرێت ئەو یاسایانەی كە رێككاری دژ بە فەرمانبەرانی تێدایە جێبەجێ بكرێت و ئەو یاسایانەش فەرامۆش بكرێت و لە كار بخرێت كە مافەكانی فەرمانبەر دابین دەكات.
چوارەم: لە یاساكەدا ئاماژە بەوە دراوە كە فەرمانبەر (30) رۆژ لە ماوەی ساڵێكدا غائیب بێت بەبێ مەعزەرەتی بەجێ، لە كاتێكدا ئەمرۆ بە هۆی سیاسەتی حكومەتی هەرێمەوە ئەوەندە عوزر دراوە بە فەرمانبەر كە زیاتر لەو ماوەیەش نەیەتەوە سەر وەزیفە، لەبەر ئەوەی فەرمانبەر ئەوەندە ستەمی لێكراوە و مافی لەلایەن حكومەتەوە زەوتكراوە بە جۆرێك كە تەنانەت كرێی پاسی پێ نەبێت برواتە سەر وەزیفەكەی .
پێنجەم: ئەگەر بە گوێرەی ئەحكامەكانی ئەو یاسایە كار بكەین وەك حاڵەتی ئاسایی، ئەوا بە بەرێز وتەبێژی حكومەت دەڵێم كە ئەنجومەنی وەزیران دەبێت هەرچی فەرمانبەری سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەرین و گەرمیانە كۆتایی بەراژەكانیان بهێنرێت لەبەر ئەوەی لە ماوەی ئەمساڵدا زیاتر لە (30) رۆژ دەوامیان نەكردووە!!
شەشەم: بە كارهێنانی وشەی فەسڵ لەلایەن وتەبێژی حكومەتەوە بەكارهێنانێكی هەلەیە و شوێنی عورفێكی هەلە كەوتووە، چونكە تەنها فەسل بە گوێرەی ماددە (8/هەشتەم) ی یاسای بەرزەفتكردن بەكاردێت و ئەو حالەتەی كە وتەبێژی حكومەت ناوی ناوە فەسڵ ئەوە لەراستیدا كۆتایی هێنانە بەراژە (دەستلەكاركێشراوە بە حوكمی قانون ـ مستقیل بحكم القانون) نەك فەسڵكردن !!
لەبەر ئەوە پێشنیار دەكەم بۆ بەرێزیان واقیعیانە تر و وردبینانە لێدوان بدات، چونكە لێدوانەكەی بەرێزیان هی ئەو كاتەیە كە حكومەت خاوەنی (سلگە و سیادە) بووە نەك لەم كاتەدا كە قەرزاری تاك بە تاكی كۆمەڵگای كوردەوارییە

أ.س