جێگری پارێزگاری هەڵەبجە هۆكاری پێكنەهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە ئاشكرا دەكات

18/08/2016 - 14:12 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

كوردیو ـ هەڵەبجە ـ حەیدەر حەمەصاڵح
پاش تێپەڕ بونی نزیكەی دوومانگ بەسەر ناردنی ناوی كاندیدانی لایەنە سیاسیەكانی هەڵەبجە بۆ وەزارەتی ناوخۆ هێشتا ئەنجومەنەكە پێك نەهێنراوە و جێگری پارێزگار هەڵەبجەش هۆكاری پێك نەهێنانەكە ئاشكرا دەكات
كاوە شێخ عەلی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بۆكاروباری هونەری لە لێدوانێكیدا بۆ كوردیو ڕایگەیاند : بەمەبەستی پێك هێنانی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە پاش ئەوەی لایەنە سیاسیەكان ناوی كاندیدەكانیان بۆ ناردین ئێمەش ناوەكانمان لە كاتی خۆیدا ڕادەستی وەزارەتی ناوخۆ كرد، پێویستە وەزارەتی ناوخۆ تاوتوێی ناوەكان بكات و وردبینی بكات دوای پاشان ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی بكات.
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بۆكاروباری هونەری ڕاشیگەیاند : ئەوەندەی ئاگادارین وەزارەتی ناوخۆ تائیستا ناوەكانی ڕادەست نەكردووە ،ڕادەست نەكردنەكەشی بە هۆكارێكی سیاسی ئەبینین لەبەر ئەوەی ناوەكان كاندیدی برادەرانی پارتی تیدانییە و لە هەوڵی چارەسەر كردنیدان بۆ ئەوەی ئەوانیش بەشداری بكەن لە ئەنجومەنەكە.
كاوە شێخ عەلی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد :وەك پارێزگا بابەتەكەمان گەیاندووەتە ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی بۆ ئەوەی لە هەوڵی چارەسەر كردندابن پێمان خۆشە ئەنجومەنەكە پێك بهێنرێت ولایەنەكان بەشداربن تێیدا تا ئەنجومەنی وەزیران فەرمان بۆ كاندیدەكانیان دەربكات وئەنجومەنەكە ڕێچكەی یاسایی خۆی بگرێت .
دوای چەندین دانیشتنی یەك لەدوای یەكی لایەنە سیاسیەكان بۆ پێك هێنانی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە تا ئێستا ئەو ئەنجومەنە دەستی بەكارەكانی نەكردوە و پارتی دیمكراتی كوردستان ناوی كاندیدانی پێشكەش نەكردوە .

أ.س