بەهۆی كێشەی ئێران و سعودیەوە 7000 كوردی رۆژهەڵاتی كوردستان لەسەفەری حەج بێبەش بوون

20/08/2016 - 11:19 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

سەرپەرشتیاری تیمی راگەیاندن و پەیوەندیەكانی حاجیانی هەرێمی‌ كوردستان ڕایدەگەیەنێت: بەهۆی كێشەی سیاسی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و سعودیە ئەمساڵ نزیكەی حەوت هەزار كوردی رۆژهەڵاتی كوردستان لەسەفەری حەج بێبەش بوون.

 

مەریوان نەقشبەندی سەرپەرشتیاری تیمی راگەیاندن و پەیوەندیەكانی حاجیانی هەرێمی‌ كوردستان لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵاەیتی فەیسبوك نوسیویەتی: بەهۆی كێشەی سیاسی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و سعودیە ئەمساڵ نزیكەی حەوت هەزار كوردی رۆژهەڵاتی كوردستان لەسەفەری حەج بێبەش بوون و بەهۆی شەڕ و نائارامی سوریاشەوە نزیكەی یەك هەزار و 800 كەس كوردی ڕۆژئاوای كوردستان بەهەمان شێوە نەیانتوانیوە ئەم فەرزە بەجێبگەیەنن.

 

هەروها ئاماژە بەوەش كردووە: لەگەڵ ئەوەشدا ئەمساڵ نزیكەی 20هەزار هاوڵاتی كوردستان كە زۆربەی زۆریان لەباكوری كوردستانەوە هاتون و بەپلەی دووەمیش لەباشوری كوردستان و وڵاتانی ئەوروپاوە هاتون، بەشداری لەئەنجامدانی فەریزەی حەج دەكەن.

 

مەیروان نەقشبەندی ئەوەشی خستۆتەڕوو: ئەوەی تێبینی دەكرێت تەنها 3656حاجی باشوری كوردستان ئازادی ئەوەیان هەیە ئاڵای كوردستان هەڵگرن و بەجلوبەرگی كوردیەوە لەسعودیە بگەڕێن.

 

شایانی باسە لەساڵانی رابردو نزیكەی 30هەزار هاوڵاتی كورد لەهەرچوار پارچەی كوردستان و وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا و ئوسترالیاوە دەگەیشتنە سعودیە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج.

 

 

سەلام بێستانسوری