"تەنها بە داهاتی هەولێرو دهۆك حكومەت بەڕێوە دەبەین"

08/10/2016 - 20:49 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

پەرلەمانتارێكی پارتی هێرش دەكاتە سەر یەكێتی‌و دەڵێت، داهاتی سنوری پارێزگای سلێمانی نایەتەوە هەولێر، خەرجی هەموو وەزارەت‌و دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم بەداهاتی پارێزگاكانی هەولێرو دهۆك بەڕێوەدەبرێت، بەڵام دەبێت سلێمانیش بەشدار بێ لەئیدارەدان و بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتە.

فرسەت سۆفی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بەسایتی رەسمی حزبەكەی راگەیاندووە، داهاتی سنوری پارێزگای سلێمانی نایەتەوە هەولێر، بەڵكو دەچێتەوە بانكەكانی سلێمانی‌و خۆیان بەكاریدەهێننەوەو حكومەتیش ناڕوونییەكی لا دروست بووە نازانێت داهاتەكە چۆن دێت‌و چۆن دەروات، تەنها بەژمارە داهاتەكان دێنە وەزارەتی دارایی، خەرجی هەموو وەزارەت‌و دامودەزگاكان بەداهاتی پارێزگاكانی هەولێرو دهۆك بەڕێوەدەبرێت و ئەوان بەشدار نین لە ئیدارەدانی دەوڵەتدا.
فرسەت سۆفی وتیشی، بەهەدەردان‌و گەندەڵی لەهەموو سێكتەرەكاندا هەیە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە كە لایەنێك دوای ئەو هەموو گەندەڵی‌و بەهەدەردانە خۆی بەفریشتە پیشانبداو هەموو شتێك بخاتە ئەستۆی لایەنێكی تر.
ئاشكراشیكرد: داهاتی سنوری پارێزگای سلێمانی نایەتەوە مەركەز بەڵكو دەچێتەوە بانكەكانی سلێمانی‌و خۆیان بەكاری دێننەوە، حكومەتیش ناڕونییەكی لا دروست بووەو نازانێ داهاتی سنوری سلێمانی چۆن دێت‌و چۆن دەڕوات، چونكە تەنها بەژمارە داهاتەكان دێنە وەزارەتی دارایی‌و پارەی نەخت هەر لەسلێمانی دەمێنێتەوەو هەر لەوێش خەرج دەكرێتەوە.
فرسەت سۆفی دەشڵێت، ئەمە وایكردووە نەسریەی یەكەی 80ـی هێزی پێشمەرگە دوا بكەوێ، یەكەی 70 دوانەكەوێ و بەشێك لەم پارەیەی داهاتی سلێمانی بۆ بەكاردەهێنن، دەبێت سلێمانیش بەشدار بێ لەئیدارەدان‌و بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتەو هەموو دامودەزگاكان بەداهاتی هەموو كوردستان بەڕێوە بچن، چونكە ئەوانیش هەر بەشداری حكومەتن و بەشێكن لەم حكومەت و هەرێمە.
جەختیشی كردەوە: دوای ئەو بەرنامە چاكسازییەی مەسعود بارزانی رایگەیاند، بەردەوامین‌و زۆر بەجدی كار لەسەر كەیسەكانی گەندەڵی دەكەین، زۆرێك لەكەیسی بەرپرسانی گەورەی وڵات لەدادگاو دەستەی نەزاهەیەو لیژنەی بەدواداچونیان بۆ دروستكراوە، پێشی هەموان لەپارتی دەستمانپێكردو دەست لەكەس ناپارێزین، بەڵام بەداخەوە لەسنووری پارێزگای سلێمانی بەدەمەوەهاتنێكی وا بۆ روبەڕوبونەوەو چاكسازیكردن لەگەندەڵی بونی نییە، بەڵام لەهەولێرو دهۆك لەئایندەیەكی نزیكدا دەرەنجامەكانی دەبینن بۆ نمونەش لەمانگی شوباتەوە تائێستا پێشێلكاری‌و زیادەڕۆیی كەمیكردووە لەچاو جاران.