وەزارەتی ئەوقاف: تا ئێستا 500 كورد چونه‌ته‌ ناو داعش

08/10/2016 - 21:30 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

بەرپرسی پەیوەندییەکانی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم ڕایگەیاند: لەم ماوەیەدا ناوی ئەو کەسانە ئاشکرا دەکەن کە تۆمەتبارکراون بەوەی هاوکاریی چەکدارانی داعش دەکەن.


مەریوان نەقشبەندی بەرپرسی پەیوەندییەکانی وەزارەتی ئەوقاف کە لەهەمان کاتدا نوێنەری ئەوقافە لەو لیژنە تایبەتەی کە بۆ بەدۆکیومێنتکردنی تاوانەکانی داعش و ڕوبەڕوبوونەوەی بیری توندڕەوی پێکهێنراوە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لیژنەکەیان بەڵگەی تەواوی لەسەر ئەو کەسانە کۆکردووەتەوە و ژمارەیەکیان لەناوخۆی هەرێمدان و ١٠ کەسیشیان لەدەرەوەی وڵاتن.


حوكمەتی هەرێم بۆ ڕوبەڕوبونەوەی بیری توندڕەوی چەند ڕێوشوێنێکی گرتۆتە بەر، دوورخستنەوەی ژمارەیەک وتاربێژی مزگەوتەکانیش لە چوارچێوەی ئەو ڕێوشوێنانەدایە.
بە وتەی بەرپرسانی وەزارەتی ئەوقاف، ٥٠٠ هاوڵاتی کوردی هەرێم چوونەتە ڕیزەکانی داعشەوە، لەو ژمارەیە تەنیا ١٥٠ کەسیان گەڕاونەتەوە و ٤٧ بۆ ٥٠ کەسیشیان بێ سەروشوێنن و ئەوانی دیکەشیان لە شەڕدا کوژراون.

له‌ باره‌ی ئاشكراكردنی ناوه‌كان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف، شوان سابری یاساناس دەڵێت: ئەوە كاری ئەو لیژنەیە نییە و پێچەوانەی ئەو یاسایانەشە كە لە پەرلەمان دەرکراون, ئەگەر لیژنەکە ئەو كارانە بكات ئەی ئەنجوومەنی دادوەری كاری چییە؟
شایەنی باسه لیژنەی بە دۆکیومێنت کردنی تاوانەکانی داعش و ڕوبەڕوبوونەوەی بیری توندڕەوی لە ئێستادا بەڵگەكانی كۆكردۆتەوە و دەیەوێت هەموو ئەو کەسانە بداتە دادگا کە هاوكاری داعش دەكەن، بەڵام كێشەی سەرەكی لیژنەكە نەبونی دادگایەكی تایبەتە بەو كەیسانە.

ش.م