په‌رله‌مانتارێك بۆ ڕاگه‌یه‌ندراوی پێنج فڕاكسیۆنه‌كه‌: جگه‌ له‌ توركیا هێزه‌كانی ئێرانیش هه‌ن

09/10/2016 - 00:34 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

كوردیو - هه‌ولێر

له‌سه‌ر ڕاگه‌یه‌ندراوی پێنج فڕاكسیۆنی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ داوای چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌كانی توركیایان له‌ نێو خاكی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌، په‌رله‌مانتارێكی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ڕایگه‌یاند: هاتنی توركیا له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانیه‌تی شه‌ڕی دژ به‌ داعشه‌، ده‌بوایه‌ ئه‌و فراكسیۆنانه‌ ڕوویان له‌ به‌غدا كردبووایه‌، جگه‌ له‌وه‌ش هێزی دیكه‌ی وه‌ك ئێرانیش له‌ عێراق هه‌ن .

پێنج فڕاكسیۆن به‌یاننامه‌یه‌كی ناڕه‌زاییان بڵاوكرده‌وه‌ له‌سه‌ر هاتنی سوپای توركیا بۆ ناو خاكی هه‌رێم و نازم هه‌ركی، جێگری لێژنه‌ی ناوخۆ و ئاسایش له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، له‌سه‌ر لیستی پارتی بۆ میدیایه‌كی نزیك له‌ حزبه‌كه‌ی وتویه‌تی: "هاتنی سوپای توركیا، له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانیه‌تی شه‌ڕی دژ به‌ داعشه‌، توركیا به‌ ڕه‌زامه‌ندی عێراق و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق و حه‌شدی نیشتمانی هاتووه‌، وه‌ك كردنه‌وه‌ی سه‌ربازگه‌یه‌ك بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ و حه‌شدی نیشتمانی، بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌و پێنج فراكسیۆنه‌ ڕوویان له‌ حكوومه‌تی عێراقی بكردبوایه‌".

 وتویه‌تیشی: "ته‌نیا هێزی توركیا له‌ عێراق و كوردستان نییه‌، به‌ ده‌یان هێزی دیكه‌ هه‌یه‌، وه‌ك ئێران كه‌ له‌ به‌غداش هه‌یه‌، ئه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ چوارچیوه‌ی ئه‌و شه‌ڕه‌ و هه‌ركاتێك ئه‌و شه‌ڕه‌ كۆتایی پێهات ده‌بێت ئه‌و هێزانه‌ به‌ بڕیارێك بگه‌ڕێنه‌وه‌ و كه‌ چۆن ڕێك ده‌كه‌ون و دواتر ده‌بێ بگه‌ڕێنه‌وه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌: "ئه‌و فراكسیۆنانه‌ پێویست بوو ئاڕاسته‌ی به‌یاننامه‌كه‌یان بۆ عێراق بوایه‌ و هه‌موو هێزه‌كانیان باسكردبوایه‌، جگه‌ له‌ هێزێك نه‌بوایه‌ و گشت هێزه‌كان بێت، ته‌نیا لایه‌نێك نه‌بێت، با ناوی وڵاته‌كانی دیكه‌شی تێكردبوابه‌، دواتر توركیا به‌ ڕه‌زامه‌ندی به‌غدا هاتووه‌، هیچ مانایه‌كی نییه‌ فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان وابكه‌ن، چونكه‌ نه‌ به‌ ئێمه‌ هاتووه‌ و نه‌ به‌ ئێمه‌ش ده‌رده‌چێت، به‌ڵكو له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی شه‌ڕی دژ به‌ داعشه‌".

ڕۆژی شه‌ممه‌ (8-10-2016) فراكسیۆنه‌كانی گۆڕان، یه‌كێتیی، كۆمه‌ڵی ئیسلامی، شیوعی و بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌په‌رله‌مانی كوردستان ڕاگه‌یه‌نراوێكیان بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا داوای چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌كانی توركیایان له‌ نێو خاكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرد .

 

م. كانی