"نزیكەی پەنجا ملیار دینار داهاتی سلێمانییەو دیار نییە"

09/10/2016 - 21:08 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 


پەرلەمانتارێكی گۆڕان دەڵێت، داهاتی مانگانەی سلێمانی نزیكەی پەنجا ملیار دینارەو كەس نازانێت‌و چۆن خەرج دەكرێت‌و بەئەمری كێ خەرج دەكرێت، دەشپرسێت، بۆچی خەرجكردنی ئەو پارەیە ناگەڕێنرێتەوە بۆ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی.

عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەپەیجی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك لەوتارێكی كورتدا لەژێر ناونیشانی داهاتی سلێمانی دەڵێت، جگە لەداهاتی بەرهەمە نەوتییەكان كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هەڵسوكەوتی پێوەدەكات‌و دەیخاتە بانكی كوردستانی ئەهلی، هەموو داهاتەكانی دیكەی سلێمانی كە مانگانە نزیكەی ٥٠ ملیار دینارەو هەندێك جاریش گەشتۆتە ٦٠ ملیار دینار، ماوەی دوو ساڵە لەلایەن بەرپرسانی سلێمانییەوەو بەبێ ئاگاداری ئەنجومەنی پارێزگا هەڵسوكەوتی لەگەڵ دەكرێت، تەنها وەك حساب دەگەڕێتەوە هەولێر، ئەم پارەیە چۆن خەرجدەكرێت؟ بەئەمری كێ؟ لەكاتێكدا ئەوە بۆ سێ ساڵە بودجە لەپەرلەمان خەرجنەكراوەو بەدڵنیاییەوە ئەم پارەیە بۆ موچەی فەرمانبەران نییە.

عەلی حەمە ساڵح دەشڵێت، ئایا كۆی ئەم ٤٠ ملیۆن دۆلارە مانگانە بۆ خەرجكردنی پێداویستی فەرمانگەكانی سلێمانی، شارەوانی.... هتد خەرج دەكرێت؟ بێگومان نەخێر، ئەی بۆ ئامادەنین ئەم وردەكارییە ببەنە ئەنجومەنی پارێزگا؟ ئایا چەندی ئەم پارەیە بۆ خەرجكردنی چەكی بانكییە؟ بە ئەمری كێ خەرجدەكرێت؟ ئایا ئەم پارەیە بۆ هێزی ئەمنی و تایبەتی یەكێتی خەرجدەكرێت، بێگومان بەڵێ، بەفەرمانی كێ؟
دەشپرسێت، ئایا خەرجكردنی ئەم پارەیە لەژێر دەسەڵاتی پارێزگارەكەی گۆڕانە؟ بەدڵنیایەوە نەخێر، ئەی گۆڕان چۆن قبوڵیەتی، نازانم دەبێت وەڵام بدەنەوە، ئەی ئەو ٩٤ ملیۆن دۆلارەی ئاشتی هەورامی، دەشڵێت: ئەم داهاتە جیاوازە لەو داهاتانەی كۆمپانیاكانی یەكێتی‌و بەرپرسەكانی لەخاڵە سنورییەكان‌و كۆمپانیای ئەمنی‌و خزمەتگوزاری..هتد، دەستیان دەكەوێت، ئەی خەرجی كەناڵ و نەسریەی مەڵبەندو مەكتەب‌و دامەزراوەو بارەگاو كرێی بارەگا بەچی دەدرێت؟ كڕینی ئۆتۆمبێل دەمانچەو شتی دیكە بۆ بەرپرسی سەربازی‌و حزبی‌و هەندێك راگری زانكۆو پەیمانگاو ئەندامی ئەنجومەن‌و كەسانی دیكەو تەكەتولات بەكام پارە دەكڕدرێت؟ دڵنیام جوابیش نییە.