"پرسی مووسڵ ئەوەندەی پرسێکی سیاسییە، ھێندە پرسێکی سەربازیی نییە"

09/10/2016 - 21:16 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە رێوڕەسمی کردنەوەی سێیەمین کۆنگرەی ئابووری یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێم گوتارێکی پێشکەش کرد.

سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان رۆڵی کەرتی تایبەت لە پەرەپێدانی ئابووری ھەرێمی کوردستان، بە باش زانی و گوتی: "ئەم کەرتە دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ و گەورە لە پەرەپێدان و بەرەوپێشبردن و فراوانکردن و ھەمەجۆرکردنی ئابووریی ھەرێمی کوردستاندا بگێڕێت، بۆیە حکوومەت ئەوەی لە توانایدا بێت، ئاسانکاری بۆ کەرتی تایبەتی ناوخۆیی و بیانی کردووە و دەرفەتی گەورەی کار و وەبەرھێنانی لە ھەموو بوارەکاندا بۆ رەخساندووە و بۆ ئەم مەبەستەش تا ئەو شوێنەی دەکرێت، حکوومەت ھەوڵ دەدات کەرتەکانی خزمەتگوزاریی گشتی ھەنگاو بە ھەنگاو و بداتە کەرتی تایبەت کە دەبێتە ھۆی سووککردنی باری حکوومەت و دروستبوونی جووڵەیەکی باشتری ئابووری و بازرگانی، لەمبارەیەشەوە ئەزموونی سەرکەوتووی وڵاتانی پێشکەوتووی جیھانی بە نموونە ھێنایەوە کە ‌توانیویەتی رۆڵێکی مەزن لە بنیاتنان و پەرەپێدان و بەرەوپێشبردنی کەرتەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ، گەشتیاری و چەندین کەرتی دیکەی خزمەتگوزاریدا بگێڕێت".

نێچیرڤان بارزانی ھەروەھا گوتیشی: "رۆڵی کەرتی تایبەت لە کاتی قەیران و دۆخە سەختەکاندا باشتر دەردەکەوێت، ھەرێمی کوردستانیشی بە نموونەیەکی زیندووی ئەو رۆڵەی کەرتی تایبەت ھێنایەوە کە بەھۆی بڕینی بوودجەی ھەرێمی کوردستان، شەڕی داعش، ھاتنی زیاتر لە یەک ملیۆن و ھەشتسەد ھەزار ئاوارە و پەنابەر لە ‌ناوخۆی عیراق و سووریاوە بۆ ھەرێمی کوردستان و دابەزینی نرخی نەوت، دۆخێکی سەخت و قەیرانێکی گەورەی دارایی و ئابووری دروست بووە و بە دەیان پرۆژەی حکوومەت و کەرتی تایبەت وەستاون ئەمە جیا لە رەنگدانەوەی راستەوخۆی لەسەر کار و بازاڕ و ژیانی خەڵک، بەڵام لە سایەی کەرتی تایبەت ھێشتا جووڵەیەکی کار و بازاڕ لە کوردستاندا ماوە و ھێشتا بە دەیان ھەزار کەس کە ژیانی ھەزاران خانەوادەیان لە ئەستۆدایە، لە کەرتی تایبەتدا درێژە بە کارکردن و دابینکردنی ژیانیان دەدەن".

بارزانی ئاماژەی بەوەشداکە ئەگەر ئەو ھۆکارانە نەبوونایە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر باشتر و بە دەستێکی کراوەتر، ھاوکاری و ھەماھەنگی لەگەڵ کەرتی تایبەتدا دەکرد و ئێستا ھەرێمی کوردستان خاوەنی ئابوورییەکی باشتر دەبوو. ناوبراو لایەنێکی دروستبوونی قەیرانەکەشی بۆ لاوازی و کەموکوڕیی کارگێڕیی وەک خەرجیی زیاتر لە داھات، فرەمووچەیی، زیادەڕۆیی لە دامەزراندن و چەندین کێشەی دیکە لە سیستەمی کارگێڕی و کارگێڕیی دارایی، گەڕاندەوە، ھەروەھا ئەم قەیرانەشی بە دەرفەتێکی زێڕین‌ بۆ بەخۆداچوونەوە و چاککردنی سیستەمی کارگێڕی و دارایی لەلایەن حکوومەتەوە زانی".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان باسی لە دیدگای ٢٠٢٠ی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "ئەم دیدگایە بە ھاوکاریی بانکی نێودەوڵەتی ئامادە کراوە و کارکردنیش بە پێوەر و رێنماییەکانی بانکی نێودەوڵەتی کە ستاندارتی جیھانین و لە بەرژوەندیی وەبەرەھێنان و کەرتی تایبەتدان، بە بەشێک لە ھەوڵەکانی حکوومەت بۆ فراونکردنی زیاتری رۆڵی کەرتی تایبەت قبووڵ کرد".

دواتر باسی لە دەرەنجامەکانی سیاسەتی حکوومەتی ھەرێم لە پشتگیریکردنی کەرتی تایبەت کرد و تیشکی خستە سەر ئامارەکان ‌کە ھەرێمی کوردستان و گوتی: "لە ساڵی ٢٠٠٤ـەوە تا بەر لە دەرکەوتنی قەیرانەکان، پێشکەوتنی بەردەوامی بە خۆیەوە بینیوە و‌ ڕێژەی بێکاری ساڵی ٢٠٠٤ لە ١٠.٤%ـەوە بۆ ٥.٢% لە ساڵی ٢٠١٣دا دابەزیوە و لە کەرتی تایبەتیشدا دەرفەتی کار ساڵی ٢٠٠٦ لە ٢٠.٠٠٠ـەوە بۆ‌ ٣٤٠.٠٠٠ دەرفەتی کار لە ساڵی ٢٠١٢دا بەرز بۆتەوە و داھاتی تاک لە داھاتی نەتەوەییدا لە ٥٠٠ دۆلارەوە لە ساڵی ٢٠٠٣ بۆ ٥٠٠٠ دۆلار لە ساڵی ٢٠١٢ بەرز بۆتەوە و ساڵی ٢٠٠٧ بە بڕی چوار ملیار دۆلار وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان ھەبووە، کەچی ئێستا بە بڕی ٤٧ ملیار دۆلار وەبەرھێنانی ناوخۆیی و بیانی ھەیە، زۆرترینی ئەو رێژەیەش لە کەرتی پیشەسازی بە پلە یەک و ئینجا ھەردوو کەرتی نیشتەجێبوون و گەشتیاریدایە".

ھەروەھا ئاشکرای کرد کە تەنیا کەرتی تایبەتی خۆماڵی بە ٦٦٩ پڕۆژە بە بڕی ٣٧ ملیار دۆلار وەبەرھێنانی لە ھەرێمی کوردستان ھەیە و ئەمەشی بۆ بڕوا و متمانەی کەرتی تایبەت‌ بە حکوومەت و سیاسەتی ھاندانی حکوومەت، بۆ فراونکردنی زیاتری رۆڵی کەرتی تایبەت لە ھەرێمی کوردستان گەڕاندەوە، داواشی لە کەرتی تایبەت کرد باشتر روو بکەنە کەرتەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتیاری، ھەروەھا ھیوای خواست ئەو باس و لێکۆڵێنەوانەی لەم کۆنگرەیەدا پێشکەش دەکرێن، کۆمەڵێک راسپاردە و پێشنیازی سوودبەخشی بۆ حکوومەت لێ بکەوێتەوە کە بتوانێت لە پەیرەوکردنی سیاسەتی پشتگیریی کەرتی تایبەتدا سوودی لێ وەربگرێت".

سەبارەت بە رێگرییە یاساییەکانیش لە کار و پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت، رایگەیاند "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کار بۆ ئەوە دەکات ھەموو ئەو بەربەستانە لابەرێت کە لەژێر کاریگەریی یاساکان، بەتایبەتیش یاساکانی عیراقدا، رێگر بوون لەوەی کەشێکی لەبارتر و دۆخێکی ھاندەرتر بۆ کەرتی تایبەت لە کوردستان بێتە ئاراوە، وەک رێگرییە دەستوورریەکان سەبارەت بە کەرتی دارایی و بازرگانی و گومرک و داڕشتنی سیاسەتی دارایی، گومرکی و رێکخستنی سیاسەتی بازرگانی لە سنوورەکانی ھەرێم و پارێزگاکان. ئاشکراشی کرد کە یاسا و رێنمایی و رێکاری جیایان تاقیکردۆتەوە بۆ ئەوەی رۆڵ و بەشداریی کەرتی تایبەت لە بنیاتنان و پەرەپێدان و بەڕێوەبردنی ئابووریدا گەورەتر ببێت ھەروەک چۆن پێشتریش لەژێر رۆشناییی سەر‌نج و تێبینی و رەخنەکانی کەرتی تایبەتدا، دەستکاریی یاسا و رێنمایی و رێکارەکانیان کردووە و، بەردەوامیش دەبن تا دەگەنە باشترین شێواز بۆ ئەوەی کەرتی تایبەت گەورەترین بەشداری و کاریگەری لە ئابووریی وڵاتدا ھەبێت".

سەبارەت بە دوا سەردانی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و دوایین سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مسعود بارزانی و شاندی یاوەری و دیدار و کۆبوونەوەکان لەگەڵ حەیدەر عەبادی و بەرپرسانی عیراقیش گوتی: "ئەم سەردانانە ئومێد و دەرگای تازەیان بۆ گەیشتن بە چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکوومەتی عیراق کردۆتەوە" و ھیوای خواست لەسەر ھەموو پرس و بابەتەکان و سروشتی داھاتووی پەیوەندییەکانی کوردستان و دەوڵەتی عیراق، کێشەکانی ھەولێر ـ بەغدا و ھەموو بابەتەکانی دیکەش، لە رێگەی دیالۆگ و لێکگەیشتنەوە بگەنە چارەسەر بە شێوەیەک کە بە خێر و خۆشی بۆ کوردستان و عیراق بگەڕێتەوە. ھەروەھا دەبێت دەسەڵاتدارانی بەغدا بزانن ئەم بارودۆخەی ئێستا ناکرێت بەردەوام بێت و پێویستە بە دانیشتن و گفتوگۆ و لێکگەیشتن بگەنە ئەنجامێک بۆ دڵنیابوون لە ئایندەی گەلی کورد لەو وڵاتە و دڵنیا بوون لەوەی کە ئارامی لە ھەموو عێراق بەردەوام دەبێت. ئامادەکاریی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیش بۆ ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی مووسڵ کراوە، ئازادکردنی مووسڵ لە ھەموو روویەکەوە کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر دۆخی ھەرێمی کوردستان دەبێت، بەتایبەتیش دەرفەتێکی گەورەیە بۆ وەبەرھێنان و، لە رووی بازرگانی و ئابوورییەوە، کاریگەرییەکی گەورەی ھەیە لەسەر ھەرێم. ئێمە ھیوادارین دوای ئۆپەراسیۆنەکە سەرمایەیەکی زیاتری بیانی و عیراقی ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکات".


گوتی: "لەگەڵ ئەوەشدا نابێت لەبیر بکەین کە پرسی مووسڵ ئەوەندەی پرسێکی سیاسییە، ھێندە پرسێکی سەربازی‌ نییە. رزگارکردنی مووسڵ لە رووی سەربازییە ھەموو کێشەکانی ئەو پارێزگایە چارەسەر ناکات. راستە پایتەختی ئەوەی داعش ناوی ناوە "خەلا‌فەت، یان دەوڵەتی ئیسلامی" لە تیرۆریستان پاک دەکرێتەوە، بەڵام لەوە گرنگتر قۆناغی دوای ئازادکردنی مووسڵە کە دەبێت ھەموو پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزھەبییەکانی، رۆڵی شایستەیان لە پرۆسەی سیاسی و دەستنیشانکردنی ئایندەی ناوچەکەیان و، چۆنیەتیی بەڕێوەبردنیدا ھەبێت. ئەگەر وا نەبێت، بە دڵنیاییەوە کێشەکان چارەسەر نابن و دەرگا لەسەر کێشەی دیکەش دەکرێتەوە. بۆیە گرنگە، ھەر لە ئێستاوە رێککەوتنێکی ھەموو پێکھاتەکانی مووسڵ، ئەو پرسە گرنگ و ھەستیارە، یەکلایی بکاتەوە".