عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت: هەولێر وەكو هەندێ پارێزگا نییە كەس نەزانێ كێ پارێزگارە

13/10/2016 - 10:17 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

لیوا عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پۆلیسی‌ هه‌ولێر رایگه‌یاند ره‌وشی ئه‌منیی شاری هه‌ولێر زۆر ئارامه‌ و ئه‌وانه‌ی پڕوپاگه‌نده‌ی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ژیانیان له‌مه‌ترسیدایه‌و ترسیان له‌سه‌ره‌ راست نییە.

لەوبارەیەوە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: "چه‌ند رۆژێكه‌ لێره‌وله‌وێ گوێبیستی ئه‌وه‌ ده‌بین كه‌ گوایه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌په‌رله‌مانتاران‌و خه‌ڵكی ئاسایی كراوه‌ كه‌ گیانیان پارێزراو نییه‌"، بۆیە رایگەیاندووە "ره‌وشی ئه‌منیی هه‌ولێر زۆر ئارامه‌و هه‌رگیز هه‌ڕه‌شه‌ نه‌ له‌هاووڵاتی‌و نه‌ له‌په‌رله‌مانتارانیش نه‌كراوه‌''.

راشیگەیاندووە ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی موزایه‌ده‌ی سیاسی ده‌كه‌ن، ده‌بێ بزانن كه‌ رۆژانه‌ له‌میدیاكان كۆمه‌ڵێك قسه‌ی چه‌واشه‌كاریی‌و درۆ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌و ئه‌وانه‌ ترسیان له‌هێزه‌ ئه‌منییه‌كان نییه‌، به‌ڵكو ترسیان له‌خه‌ڵكی هه‌ولێره‌، به‌وه‌ی كه‌ له‌وانه‌یه‌ خه‌ڵك به‌ره‌نگاریان ببێته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و چه‌واشه‌كردنه‌ی له‌میدیاكاندا بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه‌''.

هەروەها دەڵێت: "ئه‌وه‌ی د.عیزه‌ت سابیر وتوێتی  سه‌رله‌به‌ری ئاوه‌ژووكراوه‌ته‌وه‌و لێره‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان پارێزگاریی له‌ژیانأو گیانی تێكڕای هاووڵاتیان ده‌كه‌ن به‌بێ جیاوازیی ئینتیمای حزبی و بیروڕای جیاواز".

ئاماژەی بەوەش کردووە کە ''ئه‌وانه‌ی وا بیرده‌كه‌نه‌وه‌، خه‌یاڵیان پڵاوه‌و ئه‌مه‌ش ته‌نیا خۆڵكردنه‌ چاوی هاونیشتمانیانه‌، چونكه‌ بەوتەی ئەو: "له‌هه‌ولێر كه‌س له‌یاسا به‌رزتر نییه‌و وه‌ك هه‌ندێك پارێزگا نییه‌ كه‌ كه‌س نازانێ كێ پارێزگاره‌".


ڕێبین عەلی